دادگای تاوانەکانی ڕەسافە لە بەغدا، سزای لەسێدارەدانی بۆ عەجاج ئەحمەد حەردان، ناسراو بە “عەجاجی نوگرە سەلمان” دەرکرد، کە یەکێک بوو لە ئەفسەرە ئەمنییە دڵڕەقەکانی ڕژێمی پێشوو لە زیندانی نوگرە سەلمان و دەستی لە تاوانەکانی ئەنفالدا هەبووە. عەجاج لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا دانیناوە بە چەندین تاوانی جەرگبڕدا کە لە کاتی خزمەتەکەیدا ئەنجامی داون؛ لەوانە دەستدرێژیکردنە سەر ژنێکی کوردی ئەنفالکراو، برسیی کردنی سیستماتیکی زیندانییان و بەشداریکردن لە پڕۆسەکانی کوشتنی زیندانییاندا. دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق ئاماژەی بهوه کرد، کە ساڵی ڕابردوو و دوای هەوڵێکی هەواڵگری شەش مانگی توانیویانە لە پارێزگای سەڵاحەدین دەستگیری بکەن، هەرچەندە کەسوکارەکەی هەوڵیان دابوو بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆی مردنی، دەزگا ئەمنییەکان چەواشە بکەن و ڕێگە لە دەستگیرکردنی بگرن. دواجار دادگا دوای گوێگرتن لە وتەی قوربانییان و سکاڵاکارانی مافی شەخسی، ئەمڕۆ سزای لەسێدارەدانی وەک سزایەکی دادپەروەرانە بۆ ئەو تاوانانەی بەرانبەر بە پێکهاتە جیاوازەکانی گەلی عێراق ئەنجامی دابوون بە تایبەت ئەنفالکراوانی کورد، بەسەردا سەپاند.
