خوێندراوەتەوە: (24)

محمد عەلى عەزیز

لە کاتێکدا گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت جارێکی تر مەسرور بارزانی دەخەنەوە چەقی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە هەرێمی کوردستاندا، مۆدێلی حوکمڕانی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژووییدایە. لەناو ژوورە داخراوەکانی دانوستاندا، هێزە سیاسییەکان سەرقاڵی هەموارکردن و داڕشتنەوەی هاوکێشەکانی پشککاری و دابەشکردنی پۆستەکانن، بەڵام پرەنسیپێکی نەگۆڕ هەیە کە دەڵێت شەرعییەتی ڕاستەقینە و دەرفەتی دووەم بۆ ڕێبەرایەتیکردنی نیشتمان، لە ناو دێڕەکانی ڕێککەوتننامەی حیزبەکاندا نانووسرێتەوە، بەڵکو تەنیا و تەنیا بەو ئەنجامە کردارەکییانە بەدەست دێت کە هاوڵاتی لە ژیانی ڕۆژانەیدا هەستی پێ دەکات.

شەقامی کوردی ساڵانێکە باجی قورسی بەڵێنە بێبەرهەمەکان و کارنامە تیۆرییەکان دەدات. بۆ خەڵکێک کە نیگەرانی سەرەکیی دابینکردنی بژێوی، وەرگرتنی مووچە لە کاتی خۆیدا، و دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانە، گرنگ نییە کێ لەسەر کورسیی یەکەم دادەنیشێت، بەڵکو گرنگ ئەوەیە ئایا ئەو سیستمە دەتوانێت ژیانێکی شایستەیان بۆ فەراهەم بکات یان نا. کاتێک دەسەڵاتی جێبەجێکردن داوای دەرفەتێکی نوێ دەکات بۆ مانەوە لە لوتکەی هەڕەمەکەدا، پێش هەموو شتێک دەبێت کارنامەی خولی پێشووی بخاتە ڕوو؛ چونکە متمانە شتێک نییە لە ڕێگەی سازشی سیاسیی نێوان سەرکردەکانەوە بە دیاری بدرێتە چەپکێک لە کارەکتەرەکان، بەڵکو دەبێت لەسەر زەمینی واقیع و لە ڕێگەی باشکردنی ڕەوشی ئابوری و کۆمەڵایەتییەوە بەدەست بهێنرێت.

تا ئەو کاتەی عەقڵییەتی حیزبی پێی وابێت کە هێشتنەوەی وڵات لەناو چاوەڕوانی و قەیراندا، دەکرێت بە دابەشکردنی وەزارەتەکان پۆشاکێکی شەرعیی بە بەردا بکرێت، نائومێدیی گشتی قووڵتر دەبێتەوە. دەرفەتی دووەم تەنیا کاتێک وەک مافێکی ڕەوا سەیر دەکرێت کە ببێتە هۆی گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە شێوازی بەڕێوەبردنی سامانی گشتی و نەهێشتنی قۆرخکاری؛ بە پێچەوانەوە، چوونەوە سەر کورسیی دەسەڵات تەنیا بە پاڵپشتیی لێکتێگەیشتنی حیزبی، عێراق و کوردستان لەناو هەمان بازنەی داخراوی وەستان و پاشەکشەدا دەهێڵێتەوە و هیچ ئەنجامێکی جیاواز لە ڕابردوو پێشکەش بە داهاتوو ناکات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 62 Today: 1,600 📊 Click Here