هێزەكانی دژە تیرۆر لە بەغداد، سەرمایەدار نومەیر عوقابی نزیك لە سوودانییان بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیر كرد. سەرچاوەیەكی ئەمنی لە بەغدا ڕایگەیاند، هێزەكانی دژە تیرۆر لە ئۆپەراسیۆنێكی لەناكاو و نهێنیدا، نومەیر عوقابی خاوەنی كۆمەڵگەی “دەروازەی عێراق”یان دەستگیر كرد، كە بە “سندوقی نهێنییەكانی” محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی پێشوو دادەنرێت، بەو پێیەی تۆمەتباری سەرەكییە لە دۆسیەكانی سپیكردنەوەی پارە و ئەنجامدانی وەبەرهێنانی وەهمی بە بڕی زیاتر لە 20 تریلیۆن دینار. بەوتەی سەرچاوەكە، دەستگیركردنی عوقابی مەترسییە بۆ سەر چەندین بەرپرسی باڵای حكومەتی ئێستا و پێشوو، چونكە چاوەڕوان دەكرێت ناوی چەندین كەسایەتیی باڵا لە دۆسیەكانی گەندەڵیدا ئاشكرا بكات. هێزە تایبەتەكەی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵكاران بە تەواوی نهێنییان لە كارەكانیاندا پاراستووە و تەنانەت زانیارییان بە بنكەكانی پۆلیسیش نەداوە، بۆ ئەوەی زانیارییەكان دزە نەكەن و تۆمەتباران ڕانەكەن. ئەم دەستگیركردنە وەك هەنگاوێكی گەورە بۆ هەڵوەشاندنەوەی تۆرە گەورەكانی گەندەڵی لە عێراقدا دەبینرێت كە پەیوەندییان بە بەرپرسە باڵاكانەوە هەیە.
