خوێندراوەتەوە: (3)

ئاکام عەبدوڵا سدیق

کاتێک تەماشای دیمەنی سیاسیی هەرێمی کوردستان دەکەیت، جیاوازییەکی کوشندە و قووڵ لە نێوان دنیابینیی دەستەبژێری سیاسی و واقیعی تاڵی ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییاندا دەبینیت؛ جیاوازییەک کە لە چەمکی “کات”دا زۆر بە ڕوونی خۆی دەنوێنێت. بۆ پەرلەمانتارێک یان سەرکردەیەکی حیزبی، دواخستنی دانوستانەکان بۆ مانگێکی تر، ڕەنگە تەنیا درێژەدان بێت بە ئاڵوگۆڕکردنی لێدوانی ڕاگەیاندن و خواردنەوەی قاوە لە ژوورە شۆخ و شەنگەکانی کۆبوونەوەدا، بەڵام بۆ هاووڵاتییەکی ئاسایی، ئەو مانگە تێپەڕبووە بارگرانییەکی تاقەتپڕووکێن و پڕ لە دڵەڕاوکێیە. لای سیاسییەکان، “بەیانی” وادەیەکی گونجاو و پەسەندکراوە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان، بەڵام بۆ کاسبکارێک، فەرمانبەرێک، یان دەستگێڕێک، هەمان ئەو “بەیانی”یە تا ئێستا نێزیکەی ۷٠٠ جار دواخراوە و بووەتە خەونێکی دەستنەگەیشتوو.

خاوەنکارە ناوخۆییەکان ناتوانن بۆ ماوەیەکی نادیار لە ناو تەمومژ و نادیاریی ئابووریدا چاوەڕێی بڕیارە سیاسییەکان بوبکەن تا سەرمایەکانیان بخەنە گەڕ، گەنجان و دەرچووانی زانکۆ ناتوانن تەواوی ڕێڕەوی تەمەنیان لە چاوەڕوانیی بێپێنوسی هەلی کاردا بەهەدەر بدەن، و دامەزراوە خزمەتگوزارییە گشتییەکانیش ناتوانن بۆ هەتاهەتایە لە دۆخی بەستڵەکی سیاسی و پەککەوتووییدا بژین. لەم مەملەکەتەدا، چینی دەسەڵاتدار خاوەنی نازپەروەریی کاتن و درەنگکەوتن بەلایانەوە هیچی لێ ناکەمێتەوە، لە کاتێکدا خەڵکی ئاسایی تاوانبار نین کە باجی قورسی ئەو دواخستنە بێئامانجانە بە جەستە، بژێوی و داهاتوویان دەدەن. ئەوان لە قووڵایی تەلارەکاندا خاوەنی هەموو ئیمتیاز، ڕێز و خۆشگوزەرانییەکن، بەڵام تەنیا شتێک کە نەیانبووە و نەیانژیاوە،

بریتییە لە هەستکردن بە سووتانی کات و ئەو پەلەپەلەی کە خەڵک بۆ ڕزگاربوون لەم دۆخە خنکێنەرە هەیانە؛ چونکە لە کۆتاییدا، سیاسییەکان کات وەک یارییەکی ئارام دەبینن، کەچی هاووڵاتییان کات وەک تێچوویەکی گرانبەها دەپێون کە ڕۆژانە لە گیرفان و تەمەنیان دەڕوات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 199 Today: 2,268 📊 Click Here