جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت: دەركردنی هەر دوو یاسای نەوت و غاز و حەشدی شەعبی لە كارە لەپێشینەكانی پەرلەمان دەبن. عەدنان فەیحان، جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند: ژمارەیەك یاسای گرنگ لەسەر مێزی پەرلەمانن، هەر دوو یاسای نەوت و غاز و یاسای حەشدی شەعبییش لە كارە لەپێشینەكانی ئەم خولەی ئەنجوومەن دەبن. فەیحان ڕوونیشی كردەوە “لیژنەكان دەستیان بە ئامادەكردنی پاكێجێكی یاسایی كردووە و بەشێكیان بۆ خوێندنەوەی یەكەم خراونەتە ڕوو”. وتیشی: یاساكانی دیكە بە پێی پلەی گرنگییان بە شێوەیەكی پلەبەندی دەخرێنە نێو خشتەی كارەوە. فەیحان جەختیشی كردەوە “ژمارەیەك یاسای گرنگ هەن كە لە كارە لەپێشینەكانی هێزە سیاسییەكان و حكومەت دەبن بۆ خستنە نێو خشتەی كاری ئەنجومەنی نوێنەران، لەوانەش یاسای نەوت و غاز و یاسای حەشدی شەعبی كە وەك دوو تەوەری سەرەكی دیاریكراون”. ئەمەو عێراق لە دوای ساڵی 2003ـەوە نەبووەتە خاوەنی یاسای نەوت و غازی سروشتی و لەو كاتەوە چوار ڕەشنووسی یاسای نەوت و غاز گفتوگۆیان لەسەر كراوە بێ ڕێككەوتنی كۆتایی لەسەر بكرێت و پەسەند بكرێت.
