خوێندراوەتەوە: (113)

محمد حوسێن عەزیز

ئەگەر بێتو گوێ لە وتارە ئاگرینەکانی بەرپرسانی هەولێر و بەغدا بگریت لەناو هۆڵە کۆشکئاساکاندا، پێت وایە ئێمە لە لوتکەی پاراستنی “مافی مرۆڤ” و “سەروەریی یاسا”دا دەژین، بەڵام دیارە ئەم مافە گەردوونییانە خاوەنی جوگرافیایەکی زۆر سەیرن و ڕێک لە سنووری “داقووق” و ناوچە جێناکۆکەکانی کەرکووکدا ئیفلیج دەبن و لە کار دەکەون! کاتێک باس دێتە سەر زەوتکردنی زەوییوزار و موڵکی جوتیارانی کورد و تورکمان لەو ناوچانە، لەناکاو هەموو ئەو دەنگە بەرزانەی باسیان لە دیموکراسی و دەستوور دەکرد، دەچنە دۆخی بێدەنگییەکی کوشندەوە. ساڵانێکە جوتیارێکی ماندوو لە داقووق، سەرگەڕان، و پەڵکانە ناچارە ڕووبەڕووی داگیرکاریی و هەڕەشە ببێتەوە کە تێیدا عەرەبە هاوردەکان بە پشتکارکردن بە بڕیارەکانی سەردەمی بەعس و ساڵی ١٩٧٥ هێرش دەکەنە سەر زەوییەکانیان بۆ لێسەندنەوەی ڕەنجی ساڵێکیان. تەنانەت جوتیارانی کورد لە داقووق ناچار بوون ڕێگری لە لیژنەیەکی حکومی بکەن کە هاتوون زەوییە کشتوکاڵییەکانیان بپێون بۆ مەبەستی داگیرکردن. ئەمە لوتکەی گاڵتەجاڕییە کە دوای زیاتر لە دوو دەیە لە ڕووخانی ڕژێم، هێشتا کەرکووک بە بڕیارەکانی لیژنەکانی سەدام حوسێن بەڕێوە دەچێت و خاوەن زەوییە ڕەسەنەکان تەنانەت ناتوانن گەنمی کێڵگەکانی خۆیان دروێنە بکەن یان زەوییەکانیان بکێڵن.

لێرەدا پرسیارە شۆککەرەکە ئەوەیە: ئەگەر مافی خاوەندارێتی بنەمای سەرەکیی مافی مرۆڤ بێت، بۆچی دەسەڵاتداران وەها مامەڵە دەکەن کە گوایە هاوار و سکاڵای ئەم کۆمەڵگایانە هەر بوونی نییە؟ وەڵامەکە زۆر سادەیە؛ چونکە نوخبەی سیاسی هێندە سەرقاڵی دابەشکردنی پۆست، کورسییەکانی ئەنجومەنی پارێزگا، و ململانێی حزبین، کاتی ئەوەیان نییە گوێ لە جوتیارێکی هەژار بگرن کە موڵکەکەی لەلایەن عەرەبی هاوردە و سوپای عێراقەوە لێ زەوت دەکرێت. کاتێک سوپای عێراق هێزێکی گەورە لە گوندە کوردییەکانی نزیک پردێ و سەرگەڕان جێگیر دەکات بۆ ئەوەی ڕێگری لە جوتیارانی کورد بکات کە بەروبوومەکانیان دروێنە بکەن، و تەنانەت چەند جوتیارێکیش دەستگیر دەکات، ئەوە نیشانەی شکستی تەواوەتیی پرۆسەی سیاسییە. لە کاتێکدا بەرپرسانی کورد تەنیا قسەی میدیایی دەکەن و دەڵێن “حکومەتی عێراق جددی نییە لە چارەسەرکردنی کێشەکان”، جوتیاران لە مەیدانەکەدا بە تەنیا جێهێڵراون و دەبێت ڕووبەڕووی ئەو داگیرکارییە ببنەوە کە بە پاڵپشتیی هێزە ئەمنییەکان دەکرێت. ئەوان پێیان وایە شەڕەقسەی میدیایی و پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیان زۆر گرنگترە لە پاراستنی کەرامەت و خاکی هاوڵاتییەکانیان، بۆیە ئەو جوتیارانە لە نێوان وەهمی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ و واقیعی تاڵی داگیرکاریی بەردەوامدا بەتەنیا جێهێڵراون.

بۆ خەڵکی داقووق و کەرکووک ئێستا زۆر ڕوونە کە لەم وڵاتەدا مافەکان تەنیا بۆ ئەوانەن کە هێز و دەسەڵاتیان هەیە، و ئەگەر تەنیا پشت بە بەڵێنی دەسەڵاتە ئیفلیجکراوەکەی کوردی یان دەستوورە فەرامۆشکراوەکەی بەغدا ببەستیت، ئەوا نەک هەر زەوییەکەت، بەڵکو کەرامەتیشت بۆ هەمیشە داگیر دەکرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 72 Today: 2,441 📊 Click Here