دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕێكخراوێكی نهێنیی بەعسی قەدەغەكراوی هەڵوەشاندەوە و بە چوونە نێو پەخشی ڕاستەخۆیشیان تووشی شۆكی كردن. بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەكان و ڕاگەیاندن لە دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕایگەیاند: دەزگاكە ئۆپڕاسیۆنێكی دژی پێكهاتەیەكی حزبی بەعسی قەدەغەكراو ئەنجام دا كە بە ناو و ناسنامەی نوێوە لە سۆشیاڵ میدیا چالاك بوون. دەزگاكە ئاماژەی بەوە كردووە، كە ئەم هەوڵە دوای چەند مانگێك لە كاركردنی وردی تەكنیكی و هەواڵگری دێت كە تێیدا توانرا بچنە نێو بنكە و پلاتفۆرمە نهێنییەكانی ئەو ڕێكخراوەوە و بە تەواوی كۆنترۆڵیان بكەن. ئەوەیش خراوەتە ڕوو كە “پاش دیارییكردنی ئامانجەكان، هێزەكان لە چەند پارێزگایەكدا هەڵیانكوتایە سەر مۆڵگەكانیان و چەندین بەڵگە و كەرەستە و سەركردە و ئەندامی باڵایان دەستگیر كرد”. ئەرشەد حاكم وتەبێژی ئاسایشی نیشتمانی لە نێو یەكێك لە پەخشە ڕاستەوخۆ نهێنییەكانی بەعسییەكان دەركەوت و ڕایگەیاند: هەموو جوڵەكانیان لەژێر چاودێری دەزگاكەیاندایە ئەمەیش ئەندامانی ڕێكخراوكەی تووشی شۆك كرد. ئاسایشی نیشتمانی جەخت دەكاتەوە ئەمە سەرەتای قۆناغێكی نوێیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پاشماوەكانی ئەو جۆرە تۆڕە قەدەغەكراوانە لە سەرتاسەری عێراقدا.
