خوێندراوەتەوە: (5.6K)

اسماعیل عبداللە سعداللە

گفتوگۆ و ململانێی بەردەوام لەسەر پرسی چەکی بێمۆڵەت و هێزە چەکدارە نافەرمییەکان، تەنیا کێشەیەکی تەکنیکی نییە کە پەیوەندی بە ژمارەی تفەنگەکان یان پاراستنی باری ئەمنییەوە هەبێت، بەڵکو دۆسیەیەکی ستراتیژییە کە ڕاستەوخۆ دەست بۆ قووڵایی فۆڕم و بنەمای بنیاتنانی خودی دەوڵەت دەبات. دەوڵەت کاتێک بەهێز، کارا و خاوەن پێگەی نیشتمانی دەبێت کە تەواوی ڕێکخراوەکان، سەرکردە سیاسییەکان و هاوڵاتیانی ئاسایی لەژێر چەتری یەک یاسای یەکساندا کار بکەن، و کاتێک کە هیچ هێز،

کوتلە یان حیزبێک توانای ئەوەی نەبێت بە هێزی زەبروزەنگ و لولەی چەک خۆی بکاتە جێگرەوەی دامەزراوە شەرعی و فەرمییەکانی وڵات. باجی هێشتنەوەی سەرچاوەکانی هێز لە دەرەوەی یاسا، بریتییە لە ئیفلیجکردنی دادگاکان، بێهێزکردنی پۆلیس و لاوازکردنی پەرلەمان، چونکە هیچ دامەزراوەیەک ناتوانێت بڕیاری حەق و بێلایەنانە بدات ئەگەر لە پشت دەرگاکانیەوە ترسی تۆڵەی چەکدارەکان بوونی هەبێت.

کاتێک هێزی چەک لە هێزی یاسا باڵاتر بوو، چەمکی هاوڵاتیبوون دەمرێت و جێگەی خۆی بۆ خێڵ، عەشیرەت و کوتلە ئەمنییەکان چۆڵ دەکات، ئەمەش وا دەکات وڵات لە بری بەڕێوەبردنێکی مۆدێرن، بەپێی هاوسەنگیی هێزی نێوان چەکدارەکان ئاراستە بکرێت. بۆیە، بنیاتنانی سیستمێکی کارا، ڕاکێشانی وەبەرهێنان و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتیان مەحاڵە تا ئەو کاتەی دەسەڵاتی دەرەوەی یاسا بەتەواوی کۆتایی پێ نەهێنرێت، چونکە هێزی ڕاستەقینەی هەر نیشتمانێک لەوەدا نییە کە چەندە توانای سەپاندنی ترس و زەبروزەنگی هەیە، بەڵکو لەوەدایە کە تا چەند خاوەنی دامەزراوەی بەهێز و باوەڕپێکراوە کە هەموان لەبەردەمیدا یەکسان و پارێزراو بن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 57 Today: 1,725 📊 Click Here