محمد سيامند ئيمام
بانکی نیشتمانیی عێراق و کوردستان دەرگای سەرەکیی بە ڕووی خاوەن هەژمارەکاندا داخستووە و بەڕێوەبەرەکانی بە بەردەوام بانگەشەی مایەپووچبوون دەکەن، بەڵام لە دەرگای پشتەوە، پاسەوانە چەکدارەکان و مافیاکان شەو و ڕۆژ جانتای پڕ لە پارە و زێڕ بۆ کۆشکەکانی خۆیان دەگوازنەوە ! لێرەدا قەیرانەکە نەبوونی سامان نییە، بەڵکو کارەساتەکە ئەوەیە کە خودی بانکەکە لەلایەن چەتەکانەوە ڕفێنراوە و کراوەتە کارگەیەک بۆ دزینی سامانی گشتی ! ئەمە ڕێک واقیعی ئەمڕۆی عێراق و هەرێمی کوردستانە؛ نیشتمانێک کە تێیدا مووچەی فەرمانبەران بە ناوی قەیرانەوە دەبڕدرێت و دوادەخرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا بودجەی زەبەلاح بۆ گرووپە چەکدارەکان دابین دەکرێت و هەناردەی نەوتی دزراویش بێ وەستان بەردەوامە !
لە سایەی ئەم حوکمە وێرانکەرەدا، دەزگاکانی دەوڵەت چیتر بۆ پاراستنی هاوڵاتیی سادە کار ناکەن، بەڵکو بوونەتە ئامرازێک بۆ خزمەتکردنی ئەو نوخبە تاڵانچییەی کە وڵاتیان لە نێوان خۆیاندا دابەش کردووە. کاتێک پەرلەمانی بێدەنگکراو ناتوانێت لێپرسینەوە لە داهاتی قاچاخی سنوور بکات، و حکومەتی ئیفلیجکراویش تەنها بووەتە پاشکۆی بڕیاری میلیشیاکان و کۆمپانیاکانی حیزب، ئیتر درۆی دەوڵەتداری بەتەواوی ئابڕووی دەچێت. ئەوان ئابووریی سێبەریان بە جۆرێک ڕێکخستووە کە فەرمانبەر دەبێت لەپێناو پاروویەک ناندا بپاڕێتەوە، لەکاتێکدا ملیارەها دۆلار دەچێتە ناو خەزێنەی ئەو هێزە تاریکانەی کە یاسایان خستووەتە ژێر پێڵاوەکانیانەوە.
فریدریک دۆگلاس دەڵێت: “دەسەڵات بەبێ داواکردن و ڕووبەڕووبوونەوە، هەرگیز دەستبەرداری هیچ شتێک نابێت؛ نە لە ڕابردوودا وا بووە و نە لە داهاتووشدا وا دەبێت” ! ئەم حەقیقەتە تاڵە ڕێک پێناسەی ئەو مۆدێلەیە کە لە وڵاتانی ئەمریکای ناوەڕاست پەیڕەو دەکرا، کاتێک مافیاکانی ماددەی هۆشبەر و دەسەڵاتدارە گەندەڵەکان یەکیان گرت و دەوڵەتیان کردە کۆمپانیایەکی تایبەت، و هەر هاوڵاتییەکیش داوای مافی بکردایە، بە فڕاندنی سیاسی و تیرۆری دەروونی وەڵام دەدرایەوە ! ئەمڕۆ لە عێراق و کوردستانیشدا هەمان ئەو ستەمکارییە دووبارە دەبێتەوە؛ دەسەڵاتداران و سەرکردەی میلیشیاکان، کە غەرق بوون لە قۆرخکاری بازاڕ و تاڵانکردنی خەزێنەی بەتاڵکراوی وڵاتدا، هیچ مافێک بۆ هاوڵاتی ناگەڕێننەوە مەگەر ئەوەی گەل بە هێزی یەکگرتوویی خۆی لێیان بسەنێتەوە !
لەم جەنگەڵستانە سیاسییەدا، هەر دەنگێکی ناڕازی کە بیەوێت پەردە لەسەر ئەم قەسابخانەیە هەڵبداتەوە، دەستبەجێ لەلایەن دادگاکانی کارتۆنییەوە پەڕاوی دروستکراوی بۆ ئامادە دەکرێت. سەروەری لێرەدا تەنها وشەیەکە بۆ شاشەی تەلەفزیۆنەکان، بەڵام لەسەر شەقام، ئەوەی حوکم دەکات تفەنگی ئەو چەکدارانەیە کە مووچەیان لە خوێنی گەل پێ دەدرێت تا بەرگری لە دزەکان بکەن. دەوڵەتێک کە پارەی هەبێت بۆ پڕچەککردنی میلیشیاکان، بەڵام پارەی نەبێت بۆ کڕینی دەرمان و پێدانی مووچە، دەوڵەتێکی ڕفێنراوە کە شەرعییەتی مانەوەی بەتەواوی لەدەست داوە.
کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بەو خەوە ترسناکە بهێنین کە گوایە ئەم دامەزراوە ئیفلیجانە ڕۆژێک لە ڕۆژان خزمەتمان دەکەن. ئەم نوخبە تاڵانچییە کە خۆی لە پشتی تفەنگ و سێبەری دادگاکانەوە حەشار داوە، لە ڕاپەڕین و بێزاریی ئێوە زۆر زیاتر دەترسێت تا لە هەر شتێکی تر، چونکە مێژوو سەلماندوویەتی کاتێک گەلێک بڕیاری شکانەوەی بێدەنگی دەدات، لافاوی ڕاستی هەم تانکەرەکانی نەوتی قاچاخ و هەم کۆشکە لەرزۆکەکانیان بۆ هەمیشە لە ڕەگەوە هەڵدەتەکێنێت
