ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە دەستپێکی یەکەمین وەرزی یاسادانی خولی شەشەمدا، کۆدەبێتەوە و پرۆسەی دەنگدان لەسەر کارنامەی وەزاری و متمانەدان بە حکوومەتەکەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو بەڕێوەدەچێت. بڕیارە لە چوارچێوەی کارنامەی یەکەمین دانیشتنی خولی شەشەمی هەڵبژاردن و لە دەستپێکی ساڵی یەکەمی یاساداناندا، سبەینێ ئەنجومەنى نوێنەرانی عێراق کۆبوونەوەیەکی تایبەت ئەنجام بدات. دانیشتنەکە بە خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز دەست پێ دەکات و تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەش تایبەت دەبێت بە یەکلاییکردنەوەی پێکهاتەی حکوومەتی نوێ. لەو کۆبوونەوەیەدا، کارنامەی وەزاریی حکوومەتی داهاتوو دەخرێتە بەردەم ئەندامانی ئەنجومەن بە مەبەستی دەنگدان و پەسەندکردنی. هاوکات، پڕۆسەی متمانەدان بە بەشێکى کابینەکەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو، بەشێکی گرنگی بەرنامەى دانیشتنەکە دەبێت.
