خوێندراوەتەوە: (8.9K)

ئاکام خالید

شەمەندەفەرێک کە لەسەر سکەیەکی شکاو بە خێرایی بەرەو دۆزەخ دەڕوات، بەڵام شۆفێرەکەی لەبری ئەوەی بوەستێت و ڕێگاکە چاک بکاتەوە، خەریکی فرۆشتنی کورسییەکانی ناو شەمەندەفەرەکەیە بەو چەتانەی کە لە هەر وێستگەیەکدا سەردەکەون و بەشێک لە کەلوپەلی سەرنشینەکان تاڵان دەکەن! لێرەدا مەبەست گەیشتن بە هیچ وێستگەیەک نییە، بەڵکو مەبەست تەنها ئەوەیە چەتەکان تا دەتوانن لەم گەشتەدا سامانی زیاتر بگرنە دەست! ئەمە ڕێک وێنەی ئەو دەوڵەتە وێرانکراوەیە کە پێی دەڵێن عێراق؛ نیشتمانێک کە لەبری دەستوور و یاسا، سازشی نێوان هێزە چەکدارەکان و نوخبەی حوکمڕان بەڕێوەی دەبات، و دیموکراسیش تەنها بووەتە پەردەیەک بۆ شاردنەوەی ئەم تاڵانییە گەورەیە!

لە ژێر سایەی ئەم سیستەمەدا، دامەزراوەکان چیتر نوێنەرایەتیی گەل ناکەن، بەڵکو بوونەتە موڵکی تایبەتیی ئەو مافیایانەی کە بە ناوی ئایین، مەزهەب، و نەتەوەوە بازرگانی بە خوێنی هاوڵاتییانەوە دەکەن. کاتێک بڕیارە چارەنووسسازەکان لە دەرەوەی پەرلەمانی بێدەنگکراو و لە ناو ژوورە تاریکەکانی سەرکردەی میلیشیاکاندا دەدرێن، سەروەریی دەوڵەت دەبێتە گاڵتەجاڕییەکی قێزەون. ئەمە دەوڵەتداری نییە، بەڵکو قۆرخکاریی بازاڕی سیاسەتە کە تێیدا پۆستەکان دەفرۆشرێن، بودجەی شاراوە دابەش دەکرێت، و هاوڵاتیی سادەش تەنها بۆ ئەوە دەهێڵرێتەوە کە باجی ئەم قەیرانە دروستکراوە بدات.

حەننا ئارێنت دەڵێت: “کاتێک درۆکردن دەبێتە سیاسەتی ڕەسمیی دەوڵەت، کێشەکە تەنها ئەوە نییە کە خەڵک باوەڕ بە درۆکان دەکەن، بەڵکو ئەوەیە کە ئیتر هیچ کەسێک باوەڕی بە هیچ شتێک نامێنێت”! ئەم حەقیقەتە ڕێک هاوشێوەی دۆخی کۆماری ڤایمارە پێش داڕمانی، کاتێک حکومەت توانای کۆنترۆڵکردنی میلیشیاکانی سەر شەقامی نەما و تەواوی دامەزراوەکانی دەوڵەت کەوتنە ژێر ڕکێفی سازشە سیاسییەکانەوە، کە لە کۆتاییدا وڵاتەکەی بەرەو فاشیزم برد! ئەمڕۆ لە عێراق و هەرێمی کوردستانیشدا هەمان شانۆگەریی کوشندە بەڕێوە دەچێت؛ ئەو نوخبە تاڵانچییەی کە درۆی پاراستنی سەروەری و دیموکراسی دەکات، لە ڕاستیدا تەنها خەریکی ڕێککەوتنی ژێر مێزە لەگەڵ هێزە تاریکەکان بۆ بەشبەشێنەی داهاتی نیشتمان!

لەم جەنگەڵستانەدا، ئەوەی دەکوژرێت تەنها ئابووری نییە، بەڵکو کەرامەتی هاوڵاتییە. کاتێک دادگاکانی کارتۆنی چاو لە دزینی ملیارەها دۆلار دەپۆشن، بەڵام بۆ یەک پۆستی ڕەخنەگرانە دەنگی خنکێنراوی گەنجێک لە زیندانە تاریکەکاندا کپ دەکەن، ئیتر درۆی چاکسازی بەتەواوی ئابڕووی دەچێت. میلیشیاکان و کۆمپانیاکانی حیزب بوونەتە دوو ڕووی یەک دراو؛ یەکەمیان بە ئاسن و ئاگر خەڵک دەترسێنێت، و دووەمیشیان نانی سەر سفرەکەیان دەدزێت.

ئەی ئەو گەنجانەی کە لە شەقامە ڕووخاوەکانی بەغدا و گەڕەکە بێئومێدەکانی کوردستاندا دەناڵێنن، ئەی ئەو کارمەندانەی کە ژیانتان بووەتە دیلی ئەم دەسەڵاتە ئیفلیجکراوە، و ئەی تەواوی ئەو قەڵەمانەی کە هێشتا نەسڵەمیونەتەوە! کاتی ئەوە هاتووە دەمامکی ئەم دیموکراسییە ساختەیە دابدڕین. ئەم دەسەڵاتە ترسنۆکە کە گاڵتە بە چارەنووسمان دەکات، لە بێزاری و یەکگرتوویی ئێوە زۆر زیاتر دەترسێت تا لە چەکی میلیشیاکان، چونکە باش دەزانێت کاتێک ئیرادەی گەلێکی بریندار ڕادەپەڕێت، لافاوی ڕاستی هەم چەکدارەکان و هەم کۆشکەکانی حیزب بۆ هەمیشە ڕادەماڵێت!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 125 Today: 2,139 📊 Click Here