ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند كە نابێت یاسای دژە تیرۆر بەرانبەر ئەو گروپانە بەكاربهێنرێت كە شەڕی داعشیان كردووە. ئەحمەد مووسەوی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند كە بە توندی دژی بەكارهێنانی یاسای دژەتیرۆرە بەرانبەر گروپە چەكدارەكان و ئاماژەی بەوە كرد كە ئەو گروپانە لە كاتی پێویستدا هاوشانی دەوڵەت شەڕی تیرۆریان كردووە و بەرگرییان لە سەروەریی عێراق كردووە، بۆیە ڕێگە نادەن هیچ لایەنێكی نێوخۆیی یان دەرەكی بە “تیرۆریست” ناویان ببات. مووسەوی جەختی كردەوە كە پرسی پاراستنی سەروەریی بەستراوەتەوە بە چەكی “بەرگرییەوە”، و هۆشداریشی دا لە دیاریكردنی هەر وادەیەك بۆ كۆكردنەوەی چەك پێش چوونە دەرەوەی تەواوەتی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق. ناوبراو داوای كشانەوەی هێزە بیانییەكان و دابینكردنی سیستەمێكی پێشكەوتووی بەرگری ئاسمانی بۆ وڵات كرد. هەروەها وتیشی ئەو گروپانە خاوەن جەماوەرێكی زۆرن و وەسفكردنیان بە تیرۆریست “ستەمێكی گەورەیە” لە مێژووی خەباتیان، بۆیە پێویستە حكومەت پێداچوونەوە بەو بەیاننامانەدا بكات كە دەربارەیان دەردەچن.
