خوێندراوەتەوە: (7.8K)

احمد حميد محمد

کارگەیەک کە ئامێرەکانی دروستکردنی دەرمان تیایدا ژەنگیان هێناوە و بۆ چەندین ساڵە لەکار کەوتوون، بەڵام ئامێرەکانی دروستکردنی کەلەپچە و دروستکردنی قفڵی زیندانەکانی، بە خێرایی تیشک شەو و ڕۆژ کار دەکەن ! ئەمە ڕێک وێنەی ئەو دەسەڵاتە پەککەوتەیەیە کە ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستاندا حوکمڕانی دەکات؛ سیستەمێک کە تێیدا دۆزینەوەی تەختێکی بەتاڵ لە نەخۆشخانەیەکی گشتی یان وەرگرتنی دەنکە حەبێک بۆ نەخۆشێکی شێرپەنجە چەندین مانگ چاوەڕوانی دەوێت، بەڵام ئامادەکردنی پەڕاوی دروستکراو بۆ ڕۆژنامەنووسێک و فڕێدانی بۆ ناو چاڵە تاریکەکانی زیندان، تەنها چەند کاتژمێرێکی پێویستە !

لەم نیشتمانەدا، کاتێک هاوڵاتییەک بۆ ڕزگارکردنی ژیانی خۆی ڕوو لە دامەزراوەکانی تەندروستی دەکات، ڕووبەڕووی قەیرانی دروستکراو دەبێتەوە و ناچار دەکرێت ڕوو لە نەخۆشخانە تایبەتەکانی سەر بە گیرفانی حیزب بکات. بەڵام هەمان ئەو هاوڵاتییە، ئەگەر لە تۆڕێکی کۆمەڵایەتیدا یان لەسەر شەقامێک وشەیەک دژی ئەم تاڵانییە بڵێت، دەستبەجێ دەزگا ئەمنییەکان و دادگاکانی کارتۆنی بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەر دەکەونە کار ! لێرەدا، تەندروستیی مرۆڤەکان هیچ نرخێکی نییە، بەڵام پاراستنی ئابووریی سێبەر و حوکمی خێزانی، لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە و دەبێت بە ئاسن و ئاگر بەرگریی لێ بکرێت.

تۆماس جێفەرسۆن دەڵێت: “کاتێک نادادپەروەری دەبێتە یاسا، بەرگریکردن دەبێتە ئەرک” ! ئەم حەقیقەتە ڕێک پێناسەی ئەو مۆدێلەیە کە لە سەردەمی ڕژێمە فاشیستەکانی ئەوروپادا پەیڕەو دەکرا، کاتێک دەوڵەت توانای دابینکردنی نانی بۆ خەڵک نەبوو، بەڵام بودجەیەکی زەبەلاحی بۆ پۆلیسی نهێنی و دروستکردنی ترس تەرخان دەکرد تا هیچ کەسێک بوێریی داواکردنی مافەکانی نەبێت ! ئەمڕۆ لە کوردستانیشدا هەمان شانۆگەریی قێزەون دووبارە دەکرێتەوە؛ حکومەتێک کە ناتوانێت چارەسەری برینێکی سادە بکات، بەڵام خاوەنی تۆڕێکی فراوانی سەرکوتکردن و تیرۆرکردنی خامەیە بۆ خنکاندنی هەر دەنگێکی خنکێنراو کە باسی ئازارەکان دەکات !

کاتی ئەوە هاتووە لەم هاوکێشە ترسناکە تێبگەین: دەسەڵاتێک کە ئامادەیە بۆ یەک وشە زیندانیت بکات بەڵام ئامادە نییە بۆ یەک نەخۆشی چارەسەرت بکات، دەسەڵاتێکە لە لێواری داڕماندایە. با چیتر بێدەنگ نەبین، چونکە ئەم نوخبە گەندەڵە لە هۆشیاری و یەکگرتوویی ئێوە زۆر زیاتر دەترسێت تا لە هەر شتێکی تر، و ڕۆژێک دێت کە لافاوی تووڕەیی خەڵک، هەم دەرگای زیندانەکانیان دەشکێنێت و هەم کۆشکە ساختەکانیشیان لە ڕەگەوە هەڵدەتەکێنێت !

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 148 Today: 1,812 📊 Click Here