دانا صباح قادر
پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ دەیە بەسەر ئەزموونی حوکمڕانیی خۆجێیی لە هەرێمی کوردستاندا، ئەوەی لە واقیعدا دەبینرێت نەک هەر دروستبوونی دامەزراوەیەکی نیشتمانی و دەستووری نییە بەڵکو چەسپاندنی مۆدێلێکی توندی حوکمڕانیی جووت بنەماڵەیی و جووت حیزبییە لەلایەن هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی و ڕێگەی حیزبەکانیان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە.
ئەم مۆدێلە لە بری بەهێزکردنی بنەماکانی هاووڵاتیبوون و سەروەریی یاسا، لۆژیکی “بنەماڵە و حیزب لە سەرووی یاسا و دەوڵەتەوە”ی کردووەتە بنەمای بەڕێوەبردن و لە سێ خاڵی سەرکەیدا هەموو ئەمانەمان بۆ ڕوون ئەبێتەوە:
یەکەم: بە بنەماڵەیکردنی دامەزراوەکان و پەکخستنی یاسا:
گەورەترین قەیرانێک کە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە، نەهێشتنی سنووری نێوان کایەی گشتی و کایەی تایبەتە ، پۆستە باڵا و جومگە بڕیاردەرەکانی حکومەت و هەرێم، لە بری ئەوەی لەسەر بنەمای لێهاتوویی و متمانەی پەرلەمانی و دەستووری دابەش بکرێن، وەک میراتێکی سیاسی لە ناو بازنەیەکی بەرتەسکی هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانیدا دەستاودەست دەکەن ، ئەمەش وا دەکات کە دامەزراوە فەرمییەکانی وەک حکومەت، پەرلەمان و تەنانەت دادگاکانیش ببنە شوێنی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی کە پێشوەختە لە دەرەوەی دامەزراوەکان و لە مەکتەبە سیاسییەکاندا دراون.
دووەم: قۆرغکاریی دارایی و دۆسیەی چەکداری:
یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی بەردەوامیی ئەم جووت بنەماڵە خێڵەکیە، کۆنترۆڵکردنی ڕەهای سەرچاوە داراییەکان (نەوت، غاز، داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەکان) و هێزە چەکدارەکانە (پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان). سەرەڕای هەموو دروشمەکانی چاکسازی و یەکخستنی هێزەکان، واقیعی زۆنی زەرد و سەوز پێمان دەڵێت کە هێشتا هێزە ئەمنی و سەربازییەکان وەک قەڵغانێکی پاراستنی بەرژەوەندییە حیزبی و خێزانییەکان هێڵراونەتەوە، نەک وەک سوپایەکی نیشتمانی بۆ پاراستنی خاک و هاووڵاتیان. ئەم دۆخەش وایکردووە کە ئابووریی هەرێم لە بری بوژانەوەی گشتی ببێتە ئابوورییەکی قۆرغکراو لەلایەن کۆمپانیا سێبەریەکانی جووت حیزبی دەسەڵاتدارو بنەماڵەکانیانەوە.
سێیەم: پاشەکشەی دیموکراسی و بەرتەسکردننەوەی ئازادییەکان:
لە سایەی ململانێ و ڕێککەوتنەکانی ئەم دوو هێزەدا، کایەی دیموکراسی لە هەرێمدا ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو بچووکبوونەوە دەچێت. پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان، گۆڕینی یاساکان و لێدانی دەنگە ناڕازییەکان و چالاکوانان بەشێکن لەو سیاسەتەی کە نایەوێت هیچ جێگرەوەیەکی ڕاستەقینە لە دەرەوەی بازنەی دەسەڵاتی ئەواندا گەشە بکات. حوکمڕانییەک کە لەسەر بنەمای ترس و دابەشکاریی ناوچەیی (زۆنی زەرد و سەوز) و سزادانی دارایی هاووڵاتیان و کوشتن و دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان و ئازادی خوازان بەڕێوەبچێت، ناتوانێت ناسنامەیەکی نیشتمانیی یەکگرتوو بەرهەمبهێنێت.
تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە قووڵانە تەنها بە گۆڕینی ڕووکەشی دەموچاوەکان ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو لۆژیکە هەیە کە حیزب و عەشیرەت و بنەماڵەکان لە یاسا بە گەورەتر دەزانێت. تا ئەو کاتەی هێزی چەکدار و داهاتی گشتی و بڕیاری سیاسی لەژێر ڕەحمەتی کۆنترۆڵی بنەماڵەدا بن، هەرێمی کوردستان لە ناو بازنەیەکی داخراوی قەیرانی دارایی، یاسایی و سیاسیدا دەمێنێتەوە. ئەرکی هێزە زیندووەکانی کۆمەڵگە و چالاکوانان و ڕۆژنامەنوسانە کە بەردەوام بن لە ڕوونکردنەوەی ئەم واقیعە و داواکردنی گەڕانەوەی دەسەڵات بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکەی کە گەلە.
