خوێندراوەتەوە: (7.9K)

ئاری زائد محمد

وەک شانۆگەرییەک کە پەردەی دابەزیوە، بینەرەکان هۆڵەکەیان جێهێشتووە و گڵۆپەکان کوژاونەتەوە، بەڵام ئەکتەرەکان هێشتا لەسەر تەختەی شانۆکە ماونەتەوە و بەوپەڕی جدییەتەوە بەردەوامن لە وتنی دیالۆگەکانیان بۆ کورسییە بەتاڵەکان؛ کابینەی ماوەبەسەرچووی حکومەتی هەرێمیش بەمجۆرە مامەڵە لەگەڵ ئیرادەی خەڵک و دەرەنجامی هەڵبژاردندا دەکات. کاتێک هاوڵاتییەک دەنگ دەدات و دوای چەندین مانگ دەبینێت هەمان ئەو وەزیرەی کە ماوەی یاساییەکەی کۆتایی هاتووە، هێشتا بە ئۆتۆمبێلە جامڕەشەکانییەوە بەسەر شەقامەکاندا تێدەپەڕێت و بڕیار لەسەر چارەنووسی گشتی دەدات، تێدەگات کە سندوقی دەنگدان لێرە تەنها سندوقێکی پۆستەیە بۆ نامەگەلێک کە دەسەڵات هەرگیز نایەوێت بیانخوێنێتەوە.

مانەوەی ئەم حکومەتە بۆ ئەم ماوە درێژە لە دەرەوەی وادەی خۆی، دەرەنجامی ئاڵۆزیی پرۆسەی سیاسی نییە، بەڵکو دانپێدانانێکی ڕوونی ئەم دەسەڵاتەیە بەوەی کە دامەزراوەکان لای ئەوان تەنها کۆمپانیای حیزبین و ناکرێت بە ئاسانی ڕادەستی واقیعی نوێ بکرێن. ئەوان کاتێک دێتە سەر باج سەپاندن، دەستگیرکردنی چالاکوانان و واژۆکردنی گرێبەستە شاراوەکان، وەک حکومەتێکی تەواو دەسەڵاتدار کار دەکەن، بەڵام کاتێک داوای مووچە و گەڕاندنەوەی مافی خەڵکیان لێ دەکرێت، یەکسەر دەمامکی “کاربەڕێکەر” دەپۆشن و خۆیان لە بەرپرسیارێتی دەدزنەوە.

(وەک چۆن فرێدریک دۆگلاس دەڵێت: “دەسەڵات بەبێ داواکردن و ناچارکردن هیچ شتێک دەستبەردار نابێت، لە ڕابردوودا نەیویستووە و هەرگیزیش نایەوێت”) — ئەمەش هەمان ئەو مۆدێلەیە کە لە لوبنان پەیڕەو کرا، کاتێک دەسەڵاتدارە تائیفییەکان نەدەگەیشتنە ڕێککەوتن، حکومەتە کاربەڕێکەرەکانیان بۆ چەندین ساڵ دەهێشتەوە و باری نائاساییان کردە باری ئاسایی، تا ئەو ڕۆژەی پەرلەمان و دامەزراوەکان مانایان لەدەستدا و دەوڵەت بەتەواوی داڕما. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە، لەبری بنیادنانی دەوڵەت، هەڵبژاردنیان تەنها وەک تەماشاگەرییەکی مەدەنی بەکارهێنا بۆ ئەوەی شەرعیەتێکی ساختە بە وێنەی خۆیان بدەن لەبەردەم باڵیۆزخانە بیانییەکاندا.

لە ڕاستیدا، کاتێک دێتە سەر ڕادەستکردنی کورسییەکان، ئەوان وەک پڵنگە کاغەزییەکان وان؛ لەسەر شاشەکان باس لە دیموکراسی و یەکڕیزی دەکەن، بەڵام لە واقیعدا لە ئیرادەی گۆڕانکاری دەترسن و وڵاتیان خستووەتە ناو بۆشاییەکی کوشندەوە. ئەمە کێشەی نەبوونی کاندید نییە بۆ کابینەی نوێ، بەڵکو کێشەی ئەو کارتێلە سیاسییەیە کە هێشتا خەریکی سەودا و مامەڵەیە لەسەر دووبارە دابەشکردنەوەی پشکەکانی داهات و گومرگەکان، پێش ئەوەی ڕێگە بدات دەرگای پەرلەمان بەڕووی نوێنەرانی خەڵکدا بکرێتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 280 Today: 1,063 📊 Click Here