ڕێبەر ئەنوەر عبدوڵا
لە عێراق و هەرێمی کوردستان، کاتێک گوێت لە وشەکانی “سەروەریی دەوڵەت، بڕیاری پەرلەمان، یان سەربەخۆیی دادگاکان” دەبێت، بزانە کە دەسەڵات خەریکی شاردنەوەی ڕێککەوتنێکی ژێربەژێر یان دابەشکردنی غەنیمەیەکی نوێیە! لێرە، لاوازبوونی دەوڵەت بە ڕێکەوت ڕوو نادات و دامەزراوەکانیش بە ڕێکەوت بێدەسەڵات نابن؛ بەڵکو “بەتاڵکردنەوەی دامەزراوەکان لە بەهاکانیان و ڕادەستکردنیان بە کوتلە سیاسییەکان” خۆی لە خۆیدا گەورەترین ستراتیژی و شێوازی حوکمڕانیی مافیاکانی بەغدا و سەرانی پارتی و یەکێتییە. ئەوان فێربوون کە باشترین ڕێگە بۆ حوکمڕانییەکی بێ لێپرسینەوە، “دروستکردنی دەوڵەتێکی کارتۆنییە کە لە دەرەوە شێوەی یاسای هەیە و لە ناوەوەش موڵکی حیزبە”. بۆیە دەبینین هیچ بڕیارێکی چارەنووسساز لێرە لە ناو هۆڵی پەرلەمان یان ئەنجومەنی وەزیران نادرێت، بەڵکو لە دیوەخان و مەکتەبە سیاسییەکانەوە دەسەپێنرێت!
با سەیری قەیرانی حوکمڕانی بکەین. بۆچی هەموو وەزارەت و دەزگایەکی ئەم وڵاتە نوقمی گەندەڵی بووە؟ ئایا لەبەر ئەوەیە کە یاسامان نییە؟ نەخێر، دەیان یاسا و دەستەی نەزاهەمان هەیە، بەڵام ئەم دامەزراوانە ئیفلیج دەکرێن چونکە “دابەشکردنی وەزارەتەکان وەک پشکی حیزبی (موحاسەسە)” باشترین چەکە بۆ ئەوەی هەر کوتلەیەکی سیاسی و میلیشیایەک، وەزارەتێک بکاتە کۆمپانیایەکی تایبەت بۆ پارەدارکردنی خۆی، نەک بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتییان. وەزیرێک کە لەلایەن کوتلەیەکی سیاسییەوە دانرابێت، هەرگیز گوێ لە پەرلەمان ناگرێت، چونکە دەزانێت سەرچاوەی هێزەکەی سەرۆکی حیزبەکەیەتی نەک دەنگی گەل!
هەمان سیاسەت بۆ دادگاکان و هێزە ئەمنییەکانیش جێبەجێ دەکرێت. لەبری ئەوەی سوپا و پۆلیس ببنە قەڵغانێک بۆ پاراستنی نیشتمان، کوتلە سیاسییەکان دەیانکەنە باڵی چەکداریی خۆیان. پارتی و یەکێتی لە کوردستان، و هێزەکانی حەشد لە باشوور، ئەم دۆخە بەکاردهێنن نەک وەک شکستێکی نیشتمانی، بەڵکو وەک دەرفەتێک بۆ سەپاندنی “دەوڵەتی قووڵ” و درێژەدان بە سەرکوتکارییەکانیان بەبێ ئەوەی هیچ دادوەرێک بوێرێت لێپرسینەوە لە چەکدارەکانیان بکات. کاتێک تۆ دادگا و دامەزراوەی چاودێریت کردووەتە پاشکۆی حیزب، بۆچی لە دزین و کوشتن بوەستیت؟ ئەوان دامەزراوەکان داگیر دەکەن، دەیانکەنە بارمتە، و پاشان بڕیارە حیزبییەکانیان وەک “بڕیاری دەوڵەت” بەسەر میللەتدا دەسەپێنن.
تەنانەت کاتێک باس لە “بنیاتنانی دەوڵەت و سەروەریی یاسا” دەکرێت، ئەم دەسەڵاتە تەنها بینا و بارەگای زەبەلاح دروست دەکات بۆ ئەوەی ڕاستییەکانی نەبوونی دەوڵەت لەناو دیوارە بریقەدارەکاندا بزر بکات. کێشەی نەبوونی خزمەتگوزاری و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بە مەبەست بە چارەسەرنەکراوی دەهێڵرێنەوە، تا خەڵک بێهیوا ببێت و قبوڵی بکات کە بۆ بەدەستهێنانی بچووکترین مافی خۆی، دەبێت پەنا بباتە بەر “مەسئولێک یان سەرۆک کوتلەیەک”، نەک پەنا بباتە بەر یاسا و دەوڵەت.
“هیچ ستەمکارییەک هێندەی ئەو ستەمکارییە دڕندانە نییە کە لە ژێر سێبەری یاسا و بە ناوی دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە دەکرێت.” ئەمڕۆ کوتلە سیاسییەکان و حیزبە دەسەڵاتدارەکان بە زەبری “دامەزراوەی کارتۆنی” دەیانەوێت تاوانەکانیان بشەرعێنن و کەرامەتی خەڵک بشکێنن.
