لە کاتژمێرێکی دیاریکراو و بەبێ جیاوازی کات، ڕێکخراوی داکۆک سەرکەوتووانە کۆمەڵێک گردبوونەوەی ئاشتیانەی لە دیارترین شارەکانی شانشینی یەکگرتوو سازکرد. چالاکییەکە کە بە ناونیشانی ‘لە سەردەشتەوە بۆ شێروان، مێژوویەکی ڕەش لە تیرۆر و زیندان’ ڕێکخرابوو، لە یەک ساتدا لە هەریەک لە شارەکانی لەندەن، بێرمینگام، مانچستەر، لیدز، نیوکاسڵ، گلاسگۆ و کاردیف بەڕێوەچوو. ئەم یەکخستنەی کاتی چالاکییەکان نیشاندەری توڕەیی قووڵی تاراوگەنشینانە بەرامبەر بە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان.
ڕوماڵى چالاکى لە لە بێرمینگهام و لیدز و نیوکاستڵ
لە میانەی ئەم ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەدا، بەشداربووان هێرشی توندیان کردە سەر سیاسەتی هەردوو حیزب، پارتی و یەکێتی، و سەرکۆنەی ئەو دوو هێزەیان کرد کە بە شێوەیەکی سیستماتیک ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان کۆت و بەند دەکەن. ئامادەبووان بە یەک دەنگ داوای ئازادکردنی بێمەرجی شێروان شێروانی و زیندانیانی تری بادینانیان کرد. لە پاڵ ئەوەشدا، ڕێکخەران یادی سەردەشت عوسمانیان زیندوو ڕاگرت، ئەو لاوەی لە ساڵی ٢٠١٠ لە شاری هەولێر کرایە ئامانجی فیشەکی تاریکپەرستان، و داوایان کرد کە کەیسەکەی بە کراوەیی بمێنێتەوە تا بکوژەکانی دادگایی دەکرێن.
لێدوانى تایبەت
خاڵی هاوبەشی وتاری سەرجەم شارەکان بریتی بوو لە ئیدانەکردنی دەزگای داد. خۆپیشاندەران دادگاکانی هەرێمی کوردستانیان شەرمەزار کرد و فشاریان دروستکرد بۆ ئەوەی چیتر دادگاکان وەک ئامرازێکی سەرکوتکردن لەژێر سێبەر و فەرمانی حیزبەکاندا کار نەکەن، بەڵکو ببنە پارێزەری ڕاستەقینەی ئازادی و مافی هاووڵاتیان.
