بەڵێن جەمال بابەکر
پردێک دەڕووخێت یان گەڕەکێک نوقمی لافاو دەبێت؛ لە جیاتی ئەوەی حکومەت یەکسەر شۆفڵ و چیمەنتۆ و ئەندازیار بنێرێت بۆ ڕزگارکردنی خەڵکەکە، مێزێک و چەند کورسییەکی ڤی ئای پی دەهێنێت و “لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوە” پێکدەهێنێت! تا ئاوەکە دەگاتە قورگی خەڵکەکە و ماڵەکانیان وێران دەبێت، بەرپرسان سەرقاڵی گرتنی وێنەی یەکەمین کۆبوونەوەی لیژنەکەن. لە هەرێمی کوردستان، کێشەکان چارەسەر ناکرێن، بەڵکو سواری شەمەندەفەری لیژنەکان دەکرێن و بەناو وەزارەتەکاندا دەسوڕێندرێنەوە، تا ئەو ڕۆژەی خەڵک لە بێزاریدا خودی کێشەکەیان بیر دەچێتەوە. ئەمە تەنها ڕۆتینێکی ئیداری نییە؛ ئەمە کورتکراوەی فەلسەفە و پۆلیسی کابینەی مەسرور بارزانییە بۆ کوشتنی قەیرانەکان لە ڕێگەی کوشتنی کاتەوە.
میلان کوندێرا، ڕۆماننووسی چیکی دەڵێت: “خەباتی مرۆڤ دژی دەسەڵات، خەباتی یادەوەرییە دژی لەبیرچوونەوە.” ئەمە ڕێک مانیفێستی حوکمڕانیی ئەم کابینەیەیە. ئەوان زۆر باش دەزانن کە تووڕەیی شەقام تەمەنی کورتە، بۆیە هەرکاتێک ئابڕووچوونێک، قەیرانێک یان کارەساتێک ڕوو دەدات، بە خێرایی لیژنەیەک دروست دەکەن بۆ ئەوەی خەمی خەڵکەکە ببەنە ناو تاقیگەی کاغەزەکانەوە. لیژنە لێرەدا ئامرازێک نییە بۆ دۆزینەوەی ڕاستی، بەڵکو کونەڕەشێکە بۆ قوتدانی ڕاستییەکان. دەسەڵات لە جیاتی پێشکەشکردنی چارەسەر، بڕیار دەدات کۆمەڵگە ماندوو بکات بە پەیمانی لێکۆڵینەوەیەکی درێژخایەن، تا ئەو جێگەیەی قوربانییەکان بێهیوا دەبن و یادەوەریی گشتیش تووشی ئەلزەهایمەری سیاسی دەبێت.
ئەم یاریکردنە بە کات و دروستکردنی فەزای چاوەڕوانی، سووکایەتیکردنێکی ڕاستەوخۆ و ئاشکرایە بە هۆشیاریی هاوڵاتی. ئەگەر بۆ هەر قەیرانێکی سادە، بۆ هەر پارەیەک کە دیار نامێنێت، یان بۆ هەر خزمەتگوزارییەک کە پەکدەخەوێت پێویستمان بە لیژنەیەکی کاتی بێت، ئەی کەواتە ئەم سوپایە لە وەزیر، بەڕێوەبەری گشتی، و ڕاوێژکارە ملیۆنێرە لە هەولێر کاریان چییە؟ پارەی ئەو هەموو باج و ڕسوماتە خەیاڵییەی ڕۆژانە لە گیرفانی خەڵک دەردەهێنرێت بۆ کوێ دەچێت، ئەگەر نەتوانرێت بچووکترین کێشە بەبێ دروستکردنی لیژنەیەکی کارتۆنی چارەسەر بکرێت؟ کابینەیەک کە ناتوانێت بەرپرسیارێتیی بڕیارێک لە ئەستۆ بگرێت و هەموو شکستەکانی فڕێدەداتە سەر شانی لیژنەیەک کە هەرگیز ڕاپۆرتەکەی نابینرێت، چۆن شەرم دای ناگرێت بانگەشەی بونیادنانی “کوردستانێکی بەهێز” بکات؟
ئەمە حوکمڕانی نییە، و ئەمەش حکومەت نییە؛ ئەمە تەنها ئەرشیفخانەیەکی گەورەیە بۆ شاردنەوەی شکستەکان، کە تێیدا مافی خەڵک و دادپەروەری لە نێوان چەکمەجەی لیژنە تاریکەکاندا بۆ هەمیشە زیندەبەچاڵ دەکرێن.
