ئێران بانگەوازی دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكانی نێوان هەر دوو وڵات ئاڕاستەی عێراق دەكات. لە بانگەوازێكدا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوای لە عێراق كرد لە بەرانبەر سزاكانی ئەمریكادا و لە پێناو بەرژەوەندییەكانی هەر دوو وڵاتدا، سنوورداركردنی گەشتە ئاسمانییەكانی نێوان هەر دوو وڵات هەڵبگیرێت و بڕیاری گونجاو بۆ گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاسایی بدرێت. لە ڕاگەیاندراوەكەدا، ئێران سەركۆنەی سزاكانی ئەمریكا بەرانبەری كرد و بە نایاسایی و نامرۆڤانە لە قەڵەمی دا و ڕایگەیاند: ئەم هەنگاوانە پێشێلكردنی بنەما سەرەكییەكانی مافی مرۆڤیشن. ئاماژەی بەوەشكردووە، هاتوچۆی ملیۆنان هاووڵاتیی ئێران و عیراق بۆ مەبەستی بازرگانی، ئابووری، سەردانی شوێنە پیرۆزەكان، گەشتیاری، خوێندن و چارەسەری پزیشكی پێویستی بە دەستپێكردنەوەی گەشتەكان هەیە.
