ڕێبین صاڵح – چالاکوان
پەرەسەندنی کەمپەین و واژۆکۆکردنەوە بۆ جیاکردنەوەی سلێمانی و هەڵەبجە، خواستێکی خۆبەخۆ نییە، بەڵکو بەرهەمی ڕاستەوخۆی شکستی حوکمڕانی و ململانێی بێسنووری دەسەڵاتخوازیی نێوان مەسعود بارزانی و باڤڵ تاڵەبانییە؛ ململانێیەک کە سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستانی خستووەتە بەردەم مەترسییەکی مێژووییەوە.
– ئەم هەوڵانە لێکەوتەی پێکدادانی بەرژەوەندییە حیزبی و بنەماڵەییەکانی هەردوو سەرکردایەتییەکەن. لە لایەکەوە، کەمپەینەکانی جیابوونەوە بەبێ چرای سەوزی باڤڵ تاڵەبانی ناچنە پێشەوە و تەنها وەک کارتی فشار بەرامبەر پارتی لە دانوستانەکاندا بەکاردەهێنرێن.
– لە لایەکی تریشەوە، قۆرخکاریی بڕیار و دەسەڵات و نایەکسانی لە دابەشکردنی داهات و پڕۆژەکاندا لەلایەن پارتی و مەسعود بارزانییەوە، بیانووی تەواوی بۆ ئەم لێکترازانە خۆش کردووە.
– پارچەکردنی هەرێم بۆ دوو ئیدارەی لێکدابڕاو، دووئیدارەیی دەکاتە واقیعێکی یاسایی و پێگەی کورد لە بەغدا و جیهاندا لاواز دەکات.
جگە لەوەش، دروستکردنی هەرێمێکی نوێ بە هەمان عەقڵییەتی حوکمڕانیی ئێستا، کێشەکانی مووچە، گەندەڵی و خزمەتگوزاری چارەسەر ناکات، بەڵکو تەنها خاکەکەمان بچووکتر و بێهێزتر دەکاتەوە.
لە کۆتاییدا، وەکوو چالاکوانێک دەڵێم هەڵسەنگاندنی مێژوویی ڕەحم بەوانە ناکات کە سەروەریی خاک دەکەنە قوربانیی کورسی، بەرپرسیارێتیی یەکەمی ئەم مەترسییە لە ئەستۆی سەرکردایەتیی “پارتی و یەکێتییە” ، چونکە هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی پرسی نیشتمان و ئازارەکانی خەڵکیان کردووەتە کاڵایەکی سیاسی بۆ مانەوەی دەسەڵاتی خۆیان، نەک بۆ پاراستنی شکۆ و ژیانی هاونیشتمانییانی کوردستان.


