خوێندراوەتەوە: (19)

سەرکەوت رەمەزان علی

لە هەرێمی کوردستاندا، دیاردەیەکى زۆر مەترسیدار خەریکە دەبێتە واقیعێکی ڕۆژانە؛ لەبری ئەوەی دەسەڵاتداران لە ڕێگەی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی و هەڵبژاردنەکانەوە هەست بە مەترسی بکەن، گەورەترین مۆتەکە و نەیاریان بووەتە “ڕۆژنامەنووسێکی سادە کە تەنیا قەڵەمەکەی چەکی دەستییەتی.” لە کابینەکەی مەسرور بارزانیدا، کە سەرۆکەکەی پێشتر بەرپرسی یەکەمی دەزگا ئەمنییەکان بووە، تێڕوانین بۆ “ئاسایشی نەتەوەیی” بە جۆرێک شێوێندراوە کە بچووکترین ڕەخنەی مەدەنی و ڕۆژنامەوانی، یەکسان دەکرێت بە مەترسی لەسەر ئاسایشی دەوڵەت و ناوزڕاندنی نیشتمان. لە دیموکراسییە ڕاستەقینەکاندا، ئاسایشی نەتەوەیی بە مانای پاراستنی هاوڵاتییان و مافەکانیان دێت، و سنووردارکردنی ئازادیی ڕادەربڕین تەنیا لە کاتێکدا ڕێگەپێدراوە کە قسەکردنەکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ببێتە هۆی “توندوتیژی و زیانی گەورەی دەستبەجێ” ؛ بەڵام لە کوردستان، تەنانەت نووسینی شیعرێک بۆ ڕەخنەگرتن لە پشکپشکانێی خێزانی یان بڵاوکردنەوەی پۆستێکی فەیسبووک سەبارەت بە گەندەڵی، دەبێتە هۆی ڕفاندن، زیندانیکردن، و هەندێک جاریش تیرۆرکردنی نووسەرەکەی، وەک ئەوەی لە مێژووی ئەم دەسەڵاتەدا چەندین جار بینراوە.

ئەم خاڵیکردنەوەیەی چەمکی ئاسایش لە ناوەڕۆکەکەی و بەکارهێنانی بۆ سەرکوتکردنی دەنگی جیاواز، نیشانەی دەوڵەتێکی بەهێز نییە، بەڵکو نیشانەی دەسەڵاتێکی زۆر لاواز و ترسنۆکە کە تەنانەت بەرگەی چەند وشەیەکیش ناگرێت. کاتێک ڕۆژنامەنووسان لەسەر پیشەکەیان بە تۆمەتی “تێکدانی ئاسایشی ناوخۆ و پەیوەندی لەگەڵ کونسوڵخانەکان” دەستگیر دەکرێن و سزای قورسیان بەسەردا دەسەپێنرێت، ئەمە پەیامێکی ڕوونە بۆ تەواوی کۆمەڵگا: “یان بێدەنگ بن، یان ئامادە بن ببنە تیرۆریست لە چاوی یاسادا!”. ئەم هاوکێشەیە زۆر مەترسیدارە، چونکە ئازادیی ڕادەربڕین دوژمنی ئاسایشی نەتەوەیی نییە، بەڵکو خودی ئازادی پێشمەرجە بۆ دروستبوونی کۆمەڵگایەکی سەقامگیر و پارێزراو. ئەوەی کە ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم بەناوی “پاراستنی ئاسایشەوە” دەیکەن،

لە ڕاستیدا پاراستنی وڵات نییە، بەڵکو پاراستنی “کورسییەکان و بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خێزان و حزبەکانە” لە ڕیسوابوون. کاتێک ڕەخنە دەبێتە تاوانی ئاسایشی نەتەوەیی، ئیتر دیموکراسی دەمرێت و وڵات دەبێتە زیندانێکی گەورە کە تێیدا قەڵەم لە تفەنگ ترسناکتر دادەنرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 58 Today: 150 📊 Click Here