دوای شكستی گەورەی پارتەكەی لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان، سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاند لە پۆستەكەی دەمێنێتەوە و بەرپرسیارێتی ئەنجامە ئازاربەخشەكان دەگرێتە ئەستۆ. دوای هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان كە تێیدا پارتی كرێكاران شكستی هێنا و پێگەكانی لە وێڵز و ئینگلتەرای بەرانبەر پارتە ڕاستڕەوە توندڕەوەكان و نەتەوەییەكان لەدەست دا، كێیر ستارمر، سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا بەڵێنی دا لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە. ستارمر جەختی كردەوە، كە دەست لە كار ناكێشێتەوە و وڵات تووشی ئاڵۆزی ناكات و ئەنجامەكان كە بە “زۆر سەخت و ئازاربەخشن” ناوی برد دەگرێتە ئەستۆ و بەشێك لە ئەندامانی حكومەتەكەیشی پشتگیری خۆیان بۆ دەربڕی. تا ئێوارەی هەینی، پارتی كرێكاران نزیكەی 1200 كورسی و 27 ئەنجومەنی لەدەست دا كە لە ساڵی 2024 بەدەست هێنابوون دوای ئەوەی بەرانبەر پارتی پارێزگاران سەركەوتنی بەدەستهێنابوو. لای خۆیەوە، نایجل فاراج كە سەرۆكایەتی پارتی “ڕیفۆرم یو كەی”ی دژە كۆچبەر دەكات و توانیویەتی زیاتر لە 1300 كورسی و 13 ئەنجوومەن بەدەست بهێنێت، پێشبینی كردووە كە لە چەند مانگی داهاتوودا ستارمر لە پۆستەكەی لاببرێت. ئەم هەڵبژاردنە پێنج هەزار كورسی لە كۆی 16 هەزار كورسیی ئەنجومەنە ناوخۆییەكانی ئینگلتەرای دەگرتەوە.
