خوێندراوەتەوە: (9.9K)

لوقمان کەمال محمد

نەخۆشخانەیەکی گەورە کە بریندارەکان لە هۆڵی چاوەڕوانیدا خوێنیان لێ دەڕوات، بەڵام پزیشکەکان دەرگای ژووری نەشتەرگەرییان لەسەر خۆیان کلیل داوە و لە ناوەوە بەوپەڕی هێمنی خەریکی بەشبەشێنە و دابەشکردنی پارەی دەرمانەکانن! لێرەدا هیچ پەلەکردنێک بۆ ڕزگارکردنی ژیان بوونی نییە، چونکە ئازاری نەخۆشەکان بووەتە سەرچاوەی قازانج بۆ خودی پزیشکەکان! ئەمە ڕێک واقیعی ئەو کارەساتەیە کە ئەمڕۆ بە ناوی حوکمڕانییەوە لە هەرێمی کوردستاندا دەگوزەرێت؛ نیشتمانێک کە تێیدا پارتی و یەکێتی، ئیفلیجیی سیاسییان کردووەتە یاسایەکی ئاسایی، و لەبری خزمەتکردن، پەرلەمان و حکومەتیان کردووەتە دوو تەرمی بێگیان کە تەنها بۆ شاردنەوەی تاڵانییە گەورەکانیان بەکاریان دەهێنن !

لە سایەی ئەم دوو ئیدارەییەدا، کاتێک پەرلەمان دانیشتنەکانی پەک دەخات و حکومەتیش هیچ پەلەیەکی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان نییە، هۆکارەکە ئەوە نییە کە توانایان نییە، بەڵکو ئەوەیە کە چارەسەرکردنی کێشەکان زیان بە گیرفانی حیزب دەگەیەنێت. کاتێک ژیانی هاوڵاتی دەوەستێت، داهاتی قاچاخی سنوور و نەوتی دزراو ناوەستێت. پارتی و یەکێتی ئەم قەیرانی دروستکراوەیان وەک چەکێک بەکارهێناوە بۆ ئەوەی خەڵک هێندە ماندوو بێت، هەرگیز بوێریی ئەوەی نەبێت بپرسێت بۆچی خەزێنەی گشتی خاڵییە و کۆمپانیاکانی سێبەر بازاڕیان قۆرخ کردووە.

تۆماس پەین دەڵێت: “کۆمەڵە کەسێک کە خۆیان لەبەردەم هیچ کەسێکدا بە بەرپرسیار نەزانن، نابێت لەلایەن هیچ کەسێکەوە متمانەیان پێ بکرێت” ! ئەم حەقیقەتە ڕێک هاوشێوەی دۆخی لوبنانە، کاتێک نوخبە تائیفییەکان و مافیا سیاسییەکان بۆ چەندین ساڵ پەرلەمان و حکومەتیان پەکخست و وڵاتیان بێ سەرۆک هێشتەوە، تەنها بۆ ئەوەی لەو بۆشاییە یاساییەدا تەواوی سامانی بانکەکان بدزن و گەلێک ڕووت بکەنەوە ! ئەمڕۆ لە نیشتمانی ئێمەشدا، هەمان سیناریۆی وێرانکەر بەڕێوە دەچێت؛ پارتی و یەکێتی لە ڕێگەی ئیفلیجکردنی دامەزراوەکانەوە، خۆیان لە هەر جۆرە لێپرسینەوەیەک پاراستووە، و پەرلەمانی بێدەنگکراویان کردووەتە تەنها هۆڵێکی چۆڵ کە هیچ پەیوەندییەکی بە خەمی هاوڵاتییانەوە نەماوە !

ئەمە ئیتر ململانێی سیاسی نییە، بەڵکو ڕێککەوتنێکی ژێربەژێرە بۆ کوشتنی کاتی نەتەوەیەک. دەسەڵاتێک کە هیچ پەلەیەکی بۆ دابینکردنی مووچە و خزمەتگوزاری نییە، بەڵام بە خێرایی تیشک دادگاکانی کارتۆنی دەخاتە گەڕ بۆ سەرکوتکردنی مەدەنی و دروستکردنی پەڕاوی ساختە دژی ڕۆژنامەنووسان، پێمان دەڵێت کە ئەم دامەزراوانە بۆ پاراستنی ئێمە دروست نەکراون، بەڵکو بوونەتە ئامێری کۆنترۆڵکردن بەدەست تاڵانچییەکانەوە. ئیفلیجیی سیاسی لێرەدا نیشانەی شکست نییە بۆ ئەوان، بەڵکو ژینگەیەکی نموونەییە بۆ بەردەوامبوونی حوکمی خێزانی و مژینی خوێنی خەڵک.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 146 Today: 2,580 📊 Click Here