سەریاس جەلیل خەڵەف
کاتێک دەزگاکانی لێکۆڵینەوە لیستی داراییە دزراوەکان بڵاودەکەنەوە سەدان ملیار دینار، کۆگا لە زێڕ، دەیان شوقە و خانوو و سەیارەی مۆدێل بەرز هەموو سەرنجەکان دەچنە سەر قەبارەی ئەو ماددانە و چۆنیەتی گەڕاندنەوەیان بۆ سەر خەزێنەی دەوڵەت. میدیاکان بێوچان باسی ژمارەکان دەکەن، بەڵام کارەساتە ڕاستەقینەکە لەم ژمارە و تاپۆیانەدا نییە. کارەساتەکە لە شوێنێکی زۆر قووڵتردایە؛ لەو پەڵە ڕەشەی کە دەخرێتە سەر دەروونی تاک بە تاکی ئەم کۆمەڵگایە. گەورەترین زیان کە گەندەڵی دەیکات، دزینی متمانەی گشتییە.
پارە، زەوی، زێڕ، یان هەر سامانێکی تری ماددی کە دەدزرێت، لە کۆتاییدا ئەگەری گەڕاندنەوەی هەیە، یان دەکرێت لە ڕێگەی پلانی ئابووریی نوێ و داهاتی ترەوە قەرەبوو بکرێتەوە. بەڵام کاتێک هاوڵاتی دەبینێت ئەو بەرپرسەی کە بڕیار بوو پاسەوانی ماف و بژێوییەکەی بێت، خۆی گەورەترین دز دەرچووە، متمانەی بە چەمکی دەوڵەت، یاسا، دادگا و دامەزراوەکان بەتەواوی دەمرێت. کۆمەڵگایەک کە متمانەی تێدا نەما، دەگۆڕێت بۆ جەنگڵستانێک کە تێیدا کەس باوەڕی بە چاکسازی، هەڵبژاردن و یاسا نامێنێت؛ هەموان تەنیا بەدوای دەرچەیەکدا دەگەڕێن بۆ ڕاکردن یان فێڵکردن لەو سیستمەی کە پێیان وایە تەنیا بۆ پاراستنی دزە گەورەکان دروست بووە.
بۆیە، ئەرکی هەرە قورس و تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەی حوکمڕانی، گەڕاندنەوەی ملیارەکان نییە، بەڵکو زیندووکردنەوەی ئەو متمانە سەر بڕاوەیە. پارە بە واژۆیەک دەگەڕێتەوە، بەڵام متمانەیەک کە بە ساڵان و بەهۆی بینینی خیانەتی بەرپرسانەوە سووتاوە، بە لێدوانی بریقەدار و گرتنی چەند دەموچاوێک لە شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە چاک نابێتەوە. تا کاتێک هاوڵاتی نەبینێت کە یاسا بەبێ جیاوازی بەسەر سەرۆک حیزب، وەزیر و خەڵکی ئاساییدا وەک یەک جێبەجێ دەکرێت، هیچ شتێک ناگۆڕێت. متمانە گرانبەهاترین سەرمایەی دەوڵەتە، کاتێکیش ئەم سەرمایەیە لەدەست چوو، تەنانەت ئەگەر خەزێنەکان پڕیش بن لە زێڕ، دەوڵەت تەنیا پێکهاتەیەکی کارتۆنی و بۆش دەبێت کە لەبەردەم یەکەم قەیراندا دادەروخێت.
