ئەریڤان بهاءالدین لطیف
لە نمایشی ئەمجارەی گەندەڵی لە عێراقدا، حکومەتەکەی عەلی فالح کازمی زەیدی بڕیاریداوە ژمارەکان بە شێوەیەک گەورە بکات کە چاوی هەمووان کوێر بکات؛ ڕاگەیاندنی دەستگیرکردنی ٤٧ بەرپرس لە یەک شەودا، سەندنەوەی پارێزبەندی لە ١٢ پەرلەمانتار، زیندانیکردنی کەسایەتییە دیارەکانی وەک عەدنان جومەیلی، عەلی مەعارج، و مەناف عەبدولمونعیم، لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی ٩٨ ملیار دینار، ١١ ملیۆن دۆلاری کاش، ٧٠ خانوو، ٢١ ئۆتۆمبێلی لوکس، و ٣ کیلۆگرام زێڕ، ڕێک لە فیلمێکی ئاکشنی هۆلیوود دەچێت کە تێیدا دەرهێنەر دەیەوێت بە تەقینەوەیەکی گەورە سەرنجی بینەر ڕابکێشێت. بەڵام کێشەکە لێرەدایە: عێراقییەکان پێشتر زۆر لەم جۆرە فیلمە دراماتیکییانەیان بینیوە کە تێیدا بەرپرسێک بە کەلەپچەوە دەبرێتە سەر شاشەکان، بەڵام دواتر لە تاریکیدا بە بێدەنگی ئازاد دەکرێت یان لە دەرەوەی وڵات ژیانێکی پاشایانە دەگوزەرێنێت. ئەوەی ئێستا هاوڵاتیی سادە دەیەوێت بیزانێت ئەوە نییە کە چەند کەس دەخرێنە زیندانەوە یان چەند ملیار دینار لە ژێر زەویدا دەردەهێنرێت، بەڵکو پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: ئایا ئەم هەڵمەتە ڕێساکانی حوکمڕانی و سیستەمی دامەزراوەیی دەگۆڕێت، یان تەنها مانشێتی ڕۆژنامەکان بە ناوی نوێ ڕازاوەتر دەکات؟
کاتێک سیستەمێک ڕێگە دەدات بریکارێکی وەزارەت حەفتا خانوو و دەیان ملیار دینار لە ژێر زەویدا بشارێتەوە بەبێ ئەوەی هیچ زەنگێکی چاودێری لێبدات، ئیتر گرتنی ئەم بریکارە هیچ داهێنانێکی هەواڵگری نییە، بەڵکو تەنها ئاشکراکردنی ئەو ڕاستییە تاڵەیە کە دەزگاکانی دەوڵەت خۆیان دەرگاوانی دزەکانن. ئەگەر حکومەت لە دوای ئەم ٤٧ دەستگیرکردنەوە پرۆسەیەکی شەفافی دادگاییکردن و گەڕاندنەوەی تەواوەتیی پارەکان جێبەجێ نەکات، و یاساکانی چاودێریی دارایی بە جۆرێک توند نەکات کە مەحاڵ بێت دزێکی نوێ بتوانێت هەمان کار بکاتەوە، ئەوا هەموو ئەم ئۆپەراسیۆنە تەنها “شۆکێکی کارەباییی کاتییە” بۆ بێدەنگکردنی شەقام. تا ئەو کاتەی دەوڵەت نەتوانێت لەبری سزادانی دزەکان دوای دزیکردن، لە بنەڕەتەوە ڕێگرییان لێ بکات، ئەم ٤٧ کورسییە چۆڵکراوەی ناوچەی سەوز تەنها بۆ ماوەیەکی کورت بەتاڵ دەمێننەوە، و چەند مانگێکی تر دەبینین کە ٤٧ کەسی تر بە هەمان عەقڵیەتەوە دێنە جێگەکەیان و، لەبری ئەوەی لەم سیناریۆیەی ئێستا بترسن، تەنها فێردەبن کە چۆن پارەکانیان باشتر بشارنەوە!
