خوێندراوەتەوە: (6.8K)

محمد عەلى موراد

ئەم حوکمڕانییەی ئێمە لە پزیشکێکی نەزان دەچێت کە بۆ چارەسەرکردنی تایی نەخۆشەکە، گەرمیپێوەکە دەشکێنێت و وادەزانێت دەردەکە بنبڕ کراوە. دەسەڵاتداران لە هەولێر و سلێمانی وا ڕاهاتوون کە قەیرانەکان تەنها وەک ژمارەی سەر کاغەز و کورتوێژ لە بودجەدا ببێنن، بەڵام کوێرن لە ئاست ئەوەی تێبگەن گەورەترین و مەترسیدارترین قەیرانی ئەوان نەبوونی دینار و دۆلار نییە، بەڵکو ئەو متمانە سەرگەردانەیە کە لە دڵی مامۆستایاندا کوشتوویانە. کاتێک پەروەردەکارێک، کە بڕبڕەی پشتی هۆشیاریی نەتەوەیەکە، ناچار دەکرێت بۆ چەند مانگێک لە ڕێپێوان و سەر شەقامەکاندا هاوار بۆ قوت و مووچەی سادەی منداڵەکانی بکات، مانای وایە کۆڵەکەکانی نیشتمانەکە پێش پێگەی سیاسیی حیزبەکان کڵۆڵ بوون و داڕماون.

ئەم بێمنەتییەی دەسەڵات بەرامبەر بە کەرتی پەروەردە، سیاسەتێکی داڕێژراوە بۆ بەرهەمهێنانی نەوەیەکی گوێڕایەڵ و بێدەنگ. ئەوانەی پێنج دەیەیە لە چیا و شارەکان بازرگانی بە چەمکی “کوردایەتی” و “ڕزگاری”یەوە دەکەن، ئێستا گەیشتوونەتە لوتکەیەک کە تێیدا پۆلیسێکی بێمۆڕاڵی دەمامکدار، کە تەنها فەرمانی سەرکوتکردن دەناسێت، مووچە و ئیمتیازی زیاترە لە مامۆستایەک کە سی ساڵە تەمەنی خۆی لە پۆلە سارد و تاریکەکاندا دەسوتێنێت. کاتێک نوخبەی حیزبی منداڵەکانی خۆیان دەنێرنە قوتابخانە ئەهلییە گرانبەهاکان و لە دەرەوەی وڵات پشوو دەدەن، ئاساییە لایان کە نیوەی ساڵی خوێندنی فەقیر و هەژارانی ئەم وڵاتە بە هۆی بایکۆت و مانگرتنەوە بفەوتێت؛ چونکە ژیانی گشتی لای ئەوان تەنها وەک مێگەلێک دەبینرێت کە دەبێت لە کاتی هەڵبژاردندا بە زۆر ڕاپێچی سەر سندوقەکان بکرێن.

“بەهێزترین هەرگیز ئەو چەندە بەهێز نییە کە هەمیشە ببێتە سەرکردە، مەگەر ئەوەی هێزەکەی بگۆڕێت بۆ ماف، و گوێڕایەڵیش بگۆڕێت بۆ ئەرک.”

بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە، هێزی چەکدار و سەرکوتیان کردووە بە تاقە پێوەری “ماف” و دەیانەوێت بە زەبری تێڵا و بڕینی نان، مامۆستایان ناچار بە “ئەرکی” بێدەنگی بکەن. ئەوان ناتوانن بزانن کە ئەگەر هێزی سەربازی دەسەڵات بپارێزێت، ئەوا متمانەی گشتییە کە شەرعییەت بە مانەوەی دەبەخشێت. کاتێک متمانەی گەورەترین چینی ڕۆشنبیری کۆمەڵگە دەشکێت، ئەو کاتە کۆشکەکانیش لە کای کۆن زیاتر خۆ ناگرن.

حکومەتێک کە هاووڵاتییەکەی بە مووچە سزا بدات و وەڵامی هاواری مامۆستایان بە هێزی ڕەش و گرتن و غازی فرمێسکڕێژ بداتەوە، شەرعییەتی ئەخلاقیی خۆی بە تەواوی دۆڕاندووە. نەوەیەک کە دەبینێت مامۆستاکەی لە سەر شەقام سووکایەتیی پێدەکرێت، چۆن دەتوانێت بڕوای بە دەوڵەتداری و نیشتمان هەبێت؟ ئەوەی ئێستا لە کوردستاندا ڕوودەدات، تەنها قەیرانی دارایی نییە؛ ئەمە داڕمانی ئەخلاقیی دەسەڵاتێکە کە لەبەرەی گەندەڵی و دزینی سامانی گشتیدا قڵپ بووەتەوە و هیوای نەوەکانی داهاتووی کردووە بە قوربانیی چاوچنۆکیی چەند خێزانێکی مافیایی.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 36 Today: 2,200 📊 Click Here