محمد سەمەد مەحمود
بازاڕێکی گەورە کە تێیدا نرخی کاڵاکان بە دراو نانوسرێن، بەڵکو بە ژمارەی تەلەفۆنی بەرپرسان و مۆری حیزبەکان دەپێورێن. گەنجێکی خاوەن بڕوانامە لە دەرەوەی دیوارە شووشەییەکانەوە سەیری ئەو مێزە کارانە دەکات کە بۆی دروستکراون، بەڵام بۆی نییە لەسەریان دانیشێت، لەکاتێکدا کەسێکی نەخوێندەوار بە یەک پەیوەندی تەلەفۆنی خاوەندارێتی تەواوی بیناکە دەبات. ئەم حکومەتەی ئێمە، نیشتمانی نەکردووەتە مەیدانی کێبڕکێی تواناكان، بەڵکو کردوویەتییە قەیسەرییەکی تاریک کە تێیدا مافی ژیان و کارکردن تەنها بەو کەسانە دەفرۆشرێتەوە کە مل بۆ پەتی کۆیلایەتی دەسەڵات دەدەن.
کاتێک کۆمپانیا حزبییەکان هەموو سێکتەرەکانی ژیانیان قۆرخ کردووە، ئابووری ڕاستەقینە دەمرێت و لە جێگەی ئەو، ئابووری سێبەر و سیستەمی پشک پشکێنە دەبێتە حاکمی ڕەها. لێرەدا لێهاتوویی و بڕوانامە هیچ بەهایەکیان نییە ئەگەر سەر بە دەسەڵاتی بنەماڵە نەبیت؛ دەسەڵاتداران قەیرانی دروستکراو بەکاردەهێنن تاوەکو کار و بژێوی بکەنە خێر و سەدەقە، بەمەش خەڵک ناچار دەکەن لەبری پشت بەستن بە تواناکانی خۆیان، ببنە بەشێک لە مێگەلی موچەخۆری بن دیوار. ئەوان سامانی نەتەوەیی بەتاڵکراو تەنها بۆ کەسانی ناو تۆڕە مافیاییەکانیان تەرخان دەکەن، و هەر کەسێکیش بیەوێت لە دەرەوەی ئەم بازنەیە بژی، بە زەبری باجی ناڕەوا و قۆرخکاری بازاڕ لەناودەبرێت.
“بەهێزترین کەس هەرگیز ئەوەندە بەهێز نییە کە هەمیشە گەورە بێت، مەگەر ئەوەی هێزەکەی بکاتە ماف، و ملکەچیش بکاتە ئەرک”ئەمەش هەمان ئەو سیستەمە دەرەبەگایەتییەیە کە لە ئەوروپای سەدەکانی ناوەڕاستدا باو بوو، کاتێک جوتیارەکان نەیاندەتوانی خاوەنی هیچ بن مەگەر ئەوەی سوێندی دڵسۆزییان بۆ ئاغاکانیان بخواردایە. بەڵام ئەم فەنتەڵۆسانەی ئێمە، لە ئاغاکانیش دڕندەترن؛ ئەوان نەک تەنها زەوی و سامانی ونبوو قۆرخ دەکەن، بەڵکو بە بەکارهێنانی دادگای کارتۆنی و هێزی تاریکی، بڕوابەخۆبوون لە ناخی تاکدا دەکوژن تاوەکو هەمیشە وەک سواڵکەرێک لەبەردەم کۆشکەکانیاندا بپاڕێتەوە.
