هەڵۆ ئیسماعیل
شانۆیەک بهێننە بەرچاوتان کە تێیدا بینەرێکی ماندوو و گیرفانبەتاڵ دەرگاکانی لێ داخراوە، لە کاتێکدا ئەکتەرەکان لەسەر تەختەی شانۆکە خەریکی بەرجەستەى دەقی شانۆنامەکەن بۆ ئەوەی بزانن کێ دەوری سەرەکی و پاڵەوان دەبینێت. ئەمە ڕێک وێنەی ئەمڕۆی سیاسەتی هەرێمی کوردستانە. پارتی و یەکێتی، لەبری پێکهێنانی حکومەتێک کە وەڵامدەرەوەی قەیرانەکان بێت، خەریکی درێژکردنەوەی یارییەکی بێزارکەرن کە تێیدا “هاوبەشیی ڕاستەقینە” تەنها وشەیەکی بریقەدارە بۆ داپۆشینی ململانێیەکی قێزەون لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات. خەڵکی ئاسایی، ئەو کرێکارەی کە نانی ڕۆژانەی نییە و ئەو گەنجەی بڕوانامەکەی بووەتە کاغەزێکی بێبەها، ناچار کراون تەنیا وەک بینەرێکی بێدەنگ چاوەڕێی فیکەی کۆتایی ئەم یارییە بکەن.
ئەو کاتەی سەرکردەکانی یەکێتی لەسەر شاشەی میدیاکانەوە باس لە بەدەستهێنانی پێگەی ڕاستەقینە دەکەن، مەبەستیان نەهێشتنی گەندەڵی و گێڕانەوەی کەرامەت نییە بۆ هاووڵاتییان؛ بەڵکو لە ڕاستیدا داوای پشکی زیاتر دەکەن لەو ئابوورییە سێبەرەی کە قوتی خەڵکی هەرێمی کوردستانی هەڵمژیوە. لە بەرامبەریشدا، پارتی نایەوێت کلیلەکانی دەسەڵاتی بنەماڵە و کۆنترۆڵی ڕەهای کۆمپانیا حزبییەکان بەشی بکات. ئەوان لەسەر کورسییەکان و ژمارەی وەزارەتەکان شەڕ دەکەن، نەک لەسەر ئەوەی کام وەزارەت دەتوانێت موچە لە کاتی خۆیدا بدات یان کام دامەزراوە دەتوانێت ڕێگری لە قۆرخکاری بازاڕ بکات. حکومەت لای ئەم دوو هێزە ئامرازێکی خزمەتگوزاری نییە، بەڵکو کۆمپانیایەکی پشکییە کە دەبێت قازانجەکانی بە یەکسانی بەسەر تاڵانچییەکاندا دابەش بکرێت.
“کۆمەڵێک کەس کە خۆیان لەبەردەم هیچ لایەنێکدا بە بەرپرسیار نازانن، نابێت لەلایەن هیچ کەسێکەوە متمانەیان پێ بکرێت”، ڕێک وەسفی ئەو دەستەبژێرە کە ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان حوکمڕانی دەکەن. ئەمەش هەمان ئەو تراژیدیایەیە کە لە زیمبابۆی سەردەمی ڕۆبەرت مۆگابێ ڕووی دا، کاتێک کە نوخبەی فەرمانڕەوا وڵاتەکەیان کردە موڵکی تایبەتی خۆیان و گەلیان لە پرۆسەی بڕیاردان دابڕی، تا ئەو کاتەی ئابووری وڵات بە تەواوی داڕما. لێرەش، ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە بەبێ هیچ شەرمێک دامەزراوە نیشتمانییەکان بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان قۆرخ دەکەن؛ ئەوان دانوستان دەکەن، مەرج دەسەپێنن و بازرگانیی سیاسی بە چارەنووسی گەلەوە دەکەن، بەبێ ئەوەی بۆ یەک چرکەش بیر لەوە بکەنەوە کە ئایا هێشتا دڵۆپێک لە متمانەی ئەو گەلەیان ماوە کە گوایە نوێنەرایەتییان دەکەن.
ئێوەی گەنجانی بێکار، کارمەندانی ماندوو و هاووڵاتیانی پەراوێزخراو کە ڕۆژانە هەواڵی ئەم کۆبوونەوە بێئەنجامانە دەخوێننەوە، کاتی ئەوە هاتووە بزانن کە ئەم یارییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێوە نییە! ئەوان دەیانەوێت ئێوە تەنها چاوەڕێ بکەن، چونکە چاوەڕوانیی ئێوە مانای بێدەنگیتانە، و بێدەنگیشتان یەکسانە بە بەردەوامیی تاڵانییەکەی ئەوان. ئەم ماتچە قێزەونە هەرگیز بە ئارەزووی خۆیان کۆتایی نایەت تا ئەو کاتەی بینەرەکان تەختەی شانۆکە بەسەر ئەکتەرە ساختەکاندا نەڕووخێنن؛ با چیتر چاوەڕێی ڕێککەوتنی دوو بەرەی گەندەڵ نەکەین بۆ دیاریکردنی چارەنووسمان، چونکە ئەگەر ئێوە بێدەنگی بشکێنن، ئەو ترس و لەرزەی پێتان دەفرۆشرێتەوە ڕاستەوخۆ دەچێتە ناو دڵی خۆیانەوە!
