ڕاستگۆ محمد سەعید
ئەگەر لە منداڵێکی بچووک بپرسیت کێ ئۆتۆمبێلەکە لێدەخوڕێت، ڕاستەوخۆ پەنجە بۆ ئەو کەسە ڕادەکێشێت کە لەپشتی سوکانەکەوە دانیشتووە. بەڵام ئەگەر هەمان پرسیار لەسەر سیستەمی حوکمڕانی ئەم هەرێمە بکەیت و بپرسیت: “بەڕاست کێ بڕیاری کۆتایی دەدات؟” ئەوا گەورەترین زانایانی سیاسەتیش تووشی سەرگێژخواردن دەبن!
ئێمە لەسەر کاغەز هەموو شتێکمان هەیە؛ پەرلەمانێک بە بینایەکی قەشەنگەوە، حکومەتێک پڕ لە وەزیر و ڕاوێژکار، بەڵام کاتێک قەیرانێک یەخەی وڵات دەگرێت، یەکسەر دەمامکەکان دەکەون. لە ساتەوەختی دروستبوونی کێشەکاندا، ئایا وەزیرەکان یان پەرلەمانتارەکان دەتوانن یەک بڕیاری یەکلاکەرەوە بدەن؟ نەخێر! هەموویان وەک پەیکەری بەفرین لەبەردەم خۆردا دەتوێنەوە و وەک هاوڵاتییەکی ئاسایی چاوەڕێی دەمی “مەکتەب سیاسییەکان” و “سەرکردایەتی حیزبەکان” دەکەن. زۆرجار پەرلەمانتار لەجیاتی ئەوەی لێپرسینەوە بکات، خۆی دەچێتە سەر شاشەکان و وەک شرۆڤەکارێک دەڵێت: “دەبێت چاوەڕێ بکەین بزانین سەرکردەکان لەسەر چی ڕێکدەکەون!”
لێرەدا ئەو حەقیقەتە تاڵە دەردەکەوێت کە تێڕوانینی ئێمەی بۆ دەوڵەتداری گۆڕیوە. لە دیموکراسییە پێگەیشتووەکانی جیهاندا، حیزبە سیاسییەکان تەنها ئامراز و خزمەتکارن بۆ ئەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت دروست بکەن و بەهێزیان بکەن. بەڵام لەم هەرێمەی ئێمەدا کە بووەتە پایتەختی چەقبەستوویی سیاسی، هاوکێشەکە بە جۆرێکی کۆمیدی پێچەوانە بووەتەوە: ئەوە دامەزراوە فەرمییەکانن کە بوونەتە خزمەتکار و پاسەوانی بەر دەرگای حیزبەکان!
پەرلەمان و حکومەت لێرەدا تەنها شاشەیەکی گەورەن بۆ ئەوەی وا پیشان بدەن کە وڵاتەکە سیستەمی هەیە، بەڵام ڕیمۆت کۆنترۆڵی پێکردن و کوژاندنەوەی ئەم شاشەیە لە گیرفانی چەند سەرکردەیەکدایە کە تەنانەت زۆرجار پێویست ناکات لەناو بینای حکومەتیشدا دەوام بکەن. تا ئەو کاتەی دامەزراوەکان تەنها مۆرێک بن بەدەست مەکتەب سیاسییەکانەوە، گەڕان بەدوای پرسیاری “کێ حوکم دەکات” وەک گەڕان وایە بەدوای دەرزییەکدا لەناو کای کۆندا.
