فەرهەنگ فەرهاد عومەر
ململانێی سیاسی یەکێکە لەو کێشانەی کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا کاریگەرییەکی زۆر خراپی لەسەر ژیانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان داناوە. کاتێک حیزب و لایەنە سیاسییەکان زیاتر بیر لە بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان دەکەنەوە و ڕێککەوتن و هاوکاری کەم دەبێت، زیانەکەی دەگات بە خەڵکی ئاسایی.
یەکێک لە دیارترین کاریگەرییەکان، لاوازی ئابووری و دواخستنی مووچەکانە. زۆرجار ناکۆکییە سیاسییەکان وایان کردووە بڕیارە گرنگەکانی حکومەت دوا بکەوێت، ئەمەش بووەتە هۆی قەیرانی دارایی و فشار لەسەر ژیانی فەرمانبەران و خێزانەکان. هاووڵاتیان بەهۆی گرانی و کەمی داهات تووشی کێشەی زۆر بوون.
هەروەها ملمڵانێ سیاسییەکان کاریگەرییان لەسەر خزمەتگوزارییە گشتییەکانیش هەیە. زۆر جار پڕۆژەی خزمەتگوزاری وەستاوە یان بە هێواشی جێبەجێ کراوە، وەک کارەبا، ئاو، تەندروستی و پەروەردە. ئەمەش ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی ئاڵۆزتر کردووە.
لە لایەکی دەروونیشەوە، ئەم دۆخە بووەتە هۆی بێهیوایی و بێ متمانەیی گەنجان بە داهاتووی وڵات. زۆرێک لە لاوان بیر لە کۆچ دەکەنەوە، چونکە هەست دەکەن داهاتوویەکی ڕوون و ئارام نییە. کاتێک هاووڵاتیان هەست بکەن سیاست زیاتر سەرچاوەی کێشەیە نەک چارەسەر، متمانەیان بە دامەزراوەکان لاواز دەبێت.
بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەکان بەرژەوەندیی گەل بخەنە پێش بەرژەوەندیی حیزبی، چونکە ئارامی سیاسی بنەمای پێشکەوتنی ئابووری و کۆمەڵایەتییە. بەبێ یەکگرتوویی و هاوکاری، ژیانی خەڵک هەروا لە ژێر فشار و قەیراندا دەمێنێتەوە.
