خوێندراوەتەوە: (9.1K)

ئەریڤان بهاءالدین لطیف

وەک کاتژمێرێکی دێرین کە میلەکانى وەستاون بەڵام خاوەنەکەی هێشتا بە دیوارەکەیدا هەڵیواسیوە و دەیەوێت خەڵک باوەڕ بکەن کە کاتژمێرەکە کار دەکات؛ دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانیش ڕێک بەمجۆرە مانای خۆیان لەدەستداوە. کاتێک هاوڵاتییەک دەچێتە بەردەم دادگایەک یان چاوەڕێی بڕیاری پەرلەمانێک دەکات و لە ناخی خۆیدا دەزانێت کە بڕیارە ڕاستەقینەکان پێشوەختە لە مەکتەبی سیاسیی حیزبەکان دراون، ئێمە دەزانین کە ئەمە قەیرانی بەڕێوەبردن نییە. ئەمە هەرەسهێنانی تەواوەتی ئەو متمانەیەیە کە دەوڵەتی لەسەر دروست دەبێت. لە وڵاتێکدا کە دەنگدەر باوەڕی بە سندوقی هەڵبژاردن نەماوە و دامەزراوەکان تەنها وەک باڵەخانەی بەتاڵ دەبینرێن، دەسەڵات ئیتر بە شەرعیەت حوکم ناکات، بەڵکو تەنها بە زەبری هێز و ترساندن دەمێنێتەوە.

ئەم داڕمانەی شەرعیەت، بەرهەمی یەک شەو یان یەک هەڵبژاردن نییە، بەڵکو دەرەنجامی سێ دەیە لە بیناکردنی سیستمێکە کە تێیدا گەندەڵی بووەتە کولتوور و چاکسازیش تەنها دروشمێکی بێگیانە بۆ کاتی بانگەشەکان. هەرێمێک کە تێیدا سامان و دەسەڵات لە دەستی دوو بنەماڵەدا قۆرخ کراوە و گەنجەکانی بۆ دۆزینەوەی کەرامەت ملی ڕێگای مەرگ دەگرنە بەر بەرەو ئەوروپا، ناتوانێت بانگەشەی ئەوە بکات کە نوێنەری ئیرادەی گەلە. کاتێک بەڵێنەکانی چاکسازی ساڵ لە دوای ساڵ پووچەڵ دەبنەوە و قەیرانەکان قووڵتر دەبن، خەڵک تێدەگەن کە نەبوونی چاکسازی لای ئەم دەسەڵاتە هەڵە نییە، بەڵکو ئامانجە؛ چونکە چاکسازیی ڕاستەقینە واتە کۆتاییهاتن بە تاڵانکارییەکانیان.

(وەک چۆن ئیبن خەلدون دەڵێت: “ستەمکاری و نادادی، نیشانەی وێرانبوونی شارستانییەت و ئاوەدانییە”) — ئەمەش هەمان ئەو مۆدێلەیە کە لە زایری (کۆنگۆی کۆماری دیموکراتیک)ی سەردەمی مۆبوتو سێسێ سێکۆدا ڕوویدا، کاتێک دیکتاتۆرەکە وڵاتەکەی وەک سامانی شەخسی خۆی تاڵان دەکرد و دامەزراوەکانی دەوڵەتی هێندە بێبەها کرد کە خەڵک تەنانەت باوەڕیان بە پارەی وڵاتەکەش نەما و دەوڵەت لە ناوەوە داڕما پێش ئەوەی لە دەرەوە بڕووخێت. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە، لە مۆبوتوش دووڕووترن؛ ئەوان لەبەردەم دیپلۆماتکارە بیانییەکاندا باسی “ئەزموونی دیموکراسیی کوردستان” دەکەن و نمایشی هەڵبژاردن دەکەن، بەڵام لە ناوخۆدا وڵاتیان خستووەتە ژێر دەسەڵاتی دادگای حیزبی و هێزی چەکدارەوە، تاوەکو هیچ کەسێک نەوێرێت بڵێت ئەم پاشایە جلی لەبەردا نییە.

ئەم تەماشاگەرییە مەدەنییەی کە حیزبە دەسەڵاتدارەکان ڕۆژانە نمایشی دەکەن، تەنها بۆ شاردنەوەی ئەو ترسە قووڵەیە کە لە بێزاریی خەڵک هەیانە. ئەم فەنتەڵۆسانە کە لەسەر کورسییە پڕ لە ئیسفەنجەکانیان دانیشتوون و باسی سەقامگیری دەکەن، زۆر باش دەزانن کە سەقامگیرییەکەیان تەنها بێدەنگیی پێش گەردەلوولە. ئەوان نیشتمانیان کردووەتە زەلکاوێک کە تێیدا یاسا تەنها بۆ سزادانی هەژارانە و بەرپرسانیش لە سەرووی هەموو لێپرسینەوەیەکن. کاتێک کۆمەڵگا دەگاتە ئەو باوەڕەی کە گۆڕانکاری لە ڕێگەی دامەزراوەکانەوە مەحاڵە، ئەوە ئیتر زەنگی مەترسییە بۆ هەر دەسەڵاتێک کە دەیەوێت بە زۆر خۆی بسەپێنێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 120 Today: 1,262 📊 Click Here