خوێندراوەتەوە: (1)

ئاسۆ جەمال سدیق

لەناو ئەم سیستەمە کارگێڕییەی ئێمەدا، ئەگەر هاوڵاتییەک بیەوێت مۆڵەتی کردنەوەی دوکانێکی بچووک دەربهێنێت، دەبێت بەناو دەیان ژووردا بڕوات، سەدان پەڕە کۆپی بکات، و چاوەڕێی ئیمزای بیست بەڕێوەبەر و فەرمانبەر بکات کە نیوەیان لە دەوام نین. بیرۆکراسییەت لەم وڵاتەدا وەک جاڵجاڵۆکەیەک وایە کە بەپەلە خەڵکی سادە لەناو تۆڕەکەیدا دەخنکێنێت. بەڵام موعجیزە گەورەکە لێرەدا دەست پێدەکات: چۆن دەکرێت هەمان ئەم بیرۆکراسییەتە ئاڵۆزە، کاتێک دێتە سەر بڕی ١١٥ ملیار دینار، لە پڕێکدا ببێتە سیستەمێکی ئەوەندە خێرا و نەرم کە یەک فەرمانبەریش لێی نەپرسێت “ئەم پارەیە بۆ کوێ دەڕوات؟” دۆسیەی بردنی زیاتر لە ١١٥ ملیار دینار لە هێڵی ئاسمانیی عێراقی، تەنها چیرۆکی دزین نییە، بەڵکو چیرۆکی ئەوەیە کە چۆن دەتوانرێت سیستەمی بڕیاردان لە دەوڵەتدا هاک بکرێت و بکرێتە خزمەتکاری گەندەڵکاران. ئایا بۆ تێپەڕاندنی بڕێکی وا خەیاڵی، تەنها یەک ئیمزا بەس بووە؟ ئەگەر وایە، ئەمە کارەساتە! خۆ ئەگەر دەیان ئیمزاشی بۆ کراوە، ئەوە کارەساتێکی گەورەترە، چونکە مانای وایە کۆمەڵێک بەڕێوەبەر و دەزگای چاودێری پێکەوە چاویان داخستووە!


لێرەدا ئەو حەقیقەتە تاڵە دەردەکەوێت کە بیرۆکراسییەت لە وڵاتی ئێمەدا بۆ پاراستنی سامانی گشتی دروست نەکراوە، بەڵکو وەک قەڵغانێک دروست کراوە بۆ ئەوەی کەسانی دەرەوە نەتوانن بگەنە مافەکانی خۆیان، لەکاتێکدا ئەوانەی ناوەوە کۆدەکەیان لایە و بە ئارەزووی خۆیان دەرگاکان دەکەنەوە. کاتێک بەڕێوەبەرێکی گشتی دەتوانێت بڕیار لەسەر مامەڵەیەکی فرەملیار دیناری بدات بەبێ ئەوەی زەنگی مەترسیی بەشی وردبینی، وەزارەتی دارایی، یان دەزگاکانی چاودێری لێبدات، ئەوا ئێمە لەبەردەم “هەڵەیەکی کارگێڕی”دا نین، بەڵکو لەبەردەم “دیزاینێکی کارگێڕی”داین کە هەر لە بنەڕەتەوە بۆ ئەوە داڕێژراوە گەورەکان بتوانن بەبێ لێپرسینەوە پارە دەربهێنن. ئەو کاتەی فەرمانبەرێکی ژمێریاری لە ترسی لەدەستدانی کارەکەی ناوێرێت پرسیار لەسەر خەرجییەکی زەبەلاح بکات، یان کاتێک لیژنەکانی کڕین بە تەلەفۆنێک بڕیارەکانیان دەگۆڕن، ئیتر مۆری دەوڵەت دەبێتە تەنها ئامرازێک بۆ شەرعیەتدان بە تاڵانی.


تا ئەو کاتەی سیستەمی بڕیاردان لەم وڵاتەدا پشت بە شەخس ببەستێت نەک بە سیستەمێکی ئەلیکترۆنیی شەفاف و کراوە کە هەموو هەنگاوێکی خەرجی تێدا تۆمار بکرێت و ئاشکرا بێت، ونبوونی ملیارەها دیناری تر شتێکی چاوەڕوانکراو دەبێت. کێشەکە ئەوە نییە کە ئێمە ئیمزامان کەمە؛ کێشەکە ئەوەیە ئیمزاکانمان هەمیشە لە شوێنی هەڵەدا و بۆ کەسی هەڵە دەکرێن. ئەگەر بۆ بڕینی یەک دار لەسەر شەقامێک پێویستیت بە لیژنەیەک بێت، چۆن دەکرێت بڕینی دارستانی خەزێنەی وڵاتێک تەنها بە یەک ئیمزای ژێربەژێر تێپەڕێت؟ تا ئەم هاوکێشە سەرەوخوارە ڕاست نەکرێتەوە، دەبێت هەموو ڕۆژێک چاوەڕێی بیستنی چیرۆکی دۆزینەوەی زێڕ و ملیارەها دینار بین لە ژێرزەمینی بەرپرسەکاندا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 108 Today: 2,273 📊 Click Here